دیاربەکر
بڕیارە سبەینێ بە سەرپەرەشتی ناوەندی گشتی پارتی داد و گەشەپێدان لە دیاربەکر کۆڕبەندێک بە ناوی" قۆناغی چارەسەری: دەروازەی کردنەوەی تورکیای نوێ" بە بەشداری ژمارەیەک پەرلەمانتار، کەسانی ئەکادیمی، پارێزەر، رۆژنامەوان و نوێنەری رێکخراوە مەدەنییەکان بۆ گفتوگۆکردنی قۆناغی چارەسەری و ئاستی ھەنووکەیی ئەو قۆناغە ساز بکرێ. ئەکادیمییەکان و نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکان پێیان وایە ئەو کۆڕبەندە ھەنگاوێکی مێژووییە و بۆ ئەو ھەنگاوانەی کە دەبێ بۆ بەرەو پێشەوە بردنی قۆناغی چارەسەری جێبەجێ بکرێن و دەبێتە زەمینە خۆشکەری ئامادەکردنی نەخشە رێگایەکی نوێ.
دکتۆر حوسێن یامان مامۆستای بەشی یاسای زانکۆی گازی-ی لە ئەنقەرە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو کۆڕبەندە زۆر گرنگە، ئەمە یەکەمجارە لە دوای دەست پێکردنی قۆناغی چارەسەری لە دیاربەکر کۆڕبەندێکی لەو جۆرە ساز بکرێ، ئەو کۆڕبەندە لە کاتو ساتێکدا ساز دەکرێ کە لە لایەکەوە لە دیاربەکر چالاکی ئەو دایکانە ھەیە، کە داوای منداڵەکانیان دەکەن و لە لایەکی دیکەوە لە لجێش چالاکی داخستنی رێگای ھاتوچۆ و پڕۆتستۆکردنی دروستکردنی بنکەی نوێ سەربازی ھەیە. ئەو کۆڕبەندە دەبێتە ھۆی خێراتر بەرەو پێشەوە بردنی قۆناغی چارەسەری و دەبێتە سەرەتایەک بۆ شەفافبوون و دەستنیشانکردنی دووڕیانێکی گرنگ لە بواری چارەسەرکردنی پرسی کورددا. بۆ ئەوەی ئەو قۆناغە بکرێتە قۆناغێکی گشتی و کۆمەلایەتی پێویستە گرنگی بە کارو ھەوڵدانەکانی کۆمیتەی عەقڵمەندانیش بدرێت و ناکرێ ئەرکی کۆمیتەی عەقڵمەندان تەنیا بۆ یەکجار بێ، پێویستە عەقڵمەندان لە بەجێگەیاندنی ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکانیان بەردەوام بن."
لای خۆشییەوە دکتۆر وەھاب جۆشکون مامۆستای بەشی یاسای زانکۆی دیجلە-ی لە دیاربەكر گوتی: "جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەشیر ئاتالای لە بارەی قۆناغی چارەسەری و داھاتووی ئەو قۆناغەوە لێدوانی زۆر گرنگی داوە و ئەو لێدوانانە نیشانەی ئەوەن کە قۆناغی چارەسەری گەیشتووتە ئاستێکی نوێ. پێویستە لەو کۆڕبەندەدا لە بارەی دوو خاڵی سەرەکییەوە گفتوگۆیەکی بەرفراوان بکرێت، خاڵی یەکەم ئەوەیە کە تا ئەمڕۆ چی کراوە و چی نەکراوە و خاڵی دووەم ئەوەیە کە لەمەو بەدواوە پێویستە چی بکرێ و چە جۆرە ھەنگاوێک بنرێت و پێویستە زۆر بە شەفافی و روونی دەستنیشان بکرێ کە لەمەو بەدواوە دەبێ چی بکرێت."
جۆشکون ئەوەشی راگەیاند: "ئەو فاکتەرانەی کە قۆناغی چارەسەری بەڕێوە دەبەن ئامادەی ئەو کۆڕبەندە دەبن و بیروڕاو پێشنیارەکانی خۆیان دەخەنە روو، بۆیە ئەو کۆڕبەندە دەبێتە جۆرە کۆنفرانسێک بۆ لێگەڕان و پێم وایە بە پێی ئەو بڕیار و ئەنجامانەی لەو کۆڕبەندەدا دەردەکرێن، ھەم حکومەت ھەم ئاکپارتی ھەنگاوی گرنگ دەنێن و ئەو ھەنگاوانەیش بۆ بەرەو پێشەوە بردنی قۆناغی چارەسەری کاریگەرییەکی یەکجار زۆریان دەبێ."
هاوکات پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی عەبدولڕەحمان کورت گوتی: "سازدانی ئەو کۆڕبەندە نیشانەی جدیەت و سووربوونی حکومەتە لە سەر بە ئەنجام گەیاندنی قۆناغی چارەسەری پرسی کورد. بە ئەنجامدانی ئەو کۆڕبەندە، ئەوە ئاشکرا دەبێ کە حکومەت سەرەڕای ھەموو ئاژاوە و ناکۆکیی و بەربەستەکان بەردەوامە لە قۆناغی چارەسەری و دەیەوێ ئەو قۆناغە بگاتە ئەنجام. لە لایەکی دیکەوە زۆربەی ھەرە زۆری خەڵک داوای بەردەوامکردنی ئەو قۆناغە دەکات و ئەنجامدانی ئەو کۆڕبەندە لە دیاربەکر زۆر گرنگ و واتەدارە، چونکە ئەو پرسە لە دڵی دیاربەکرە و ئەوانەی ئامادەی ئەو کۆڕبەندە دەبن بیروڕای خۆیان لە بارەی چۆنێتی بەرەو پێشەوە بردنی قۆناغی چارەسەری پرسی کورد دەردەبڕن و نەخشەرێگایەکی ھاوبەش لەو بیروڕایانە ئامادە دەکرێ."
لەلایەکی دیکەوە تاھیر ئەلچی سەرۆکی لقی بارۆکانی دیاربەکر گوتی: "راستە ئاڵۆزی و ناکۆکی ھەیە بەڵام قۆناغی چارەسەریش گەیشتووتە ئاستێکی بەرز و گرنگ، بۆیە لە کەشوھەوایەکی بەو جۆرەدا سازکردنی کۆڕبەندێکی لەو چشنە بۆ بەرەو پێشەوەبردنی قۆناغی چارەسەری رۆلێکی یەکجار گرنگی دەبێ. پێشتر لە رێگای کۆمیتەی عەقڵمەندانەوە بەشێکی زۆری داواکارییەکانی کۆمەڵگە دەستنیشان کراون، بۆیە ئاواتە خوازین لەو کۆڕبەندەدا بڕیار و ئەنجامی باش بەدەست بخرێن و خزمەتی بەرەو پێشەوەبردنی قۆناغی چارەسەری بکەن و بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو قۆناغە خشتەیەکی کاتی و نەخشە رێگایەک ئامادە بکرێ و ئەوانەی سەرپەرەشتیاری ئەو قۆناغە دەکەن راستەوخۆ لەگەڵ لایەنەکانی ئەو پرسە دابنیشن و دەست بە دیالۆگ و دانوستان بکەن."