ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندێکی تایبەت بە ئاو و چۆنێتی سوود وەرگرتنەوە لە ئاوی پیس و ھەروەھا لە کاتی کردنەوەی پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاودا, گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "بۆ ئەوەی ئیستەنبوڵ بکەینە باشترین شوێنی جیھان لەگەڵ شارەوانیدا بە بەردەوامی پێکەوە کار دەکەین، وەکو ئاکپارتی و حکومەتی تورکیا بۆ گەشە پێدانی وڵات بەو پەڕی ھێز و توانای خۆمانەوە کار دەکەین و خزمەت دەکەین."
ئەردۆغان گوتیشی: "ئەوانەی کە لە سەر کورسی خزمەت کردندان وازیان لە خزمەت کردن و کار کردن ھێناوە و یاری بە نرخ و تەبایی خەڵک دەکەن، دەبێ بپرسین کە ئایا ئەوان خزمەت و ئەرک و کاری شارەوانییەکان دەکەن یا ئەو کورسییە بەجێ دێڵن و کارێکی دیکە دەکەن؟"
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەدرێژەی لێدوانەکەیدا گوتی: "دواجار ئەوانەی کە لە ئاگری بە خزمەتکردن و جێبەجێ کردنی پڕۆژەی جیاجیا نەیانتوانیوە ناوی خۆیان دەربکەن، ئەمجارە سەری خۆیان بە ناو و تابلۆی کازم قەرەبەکرەوە گەرم کردووە و ھەوڵ بۆ لابردنی ناوی کازم قەرە بەکر دەدەن، کە قارس، ئەرزڕوم و ئاگری لە دەستی دوژمنی رزگار کردووە . ئەو ناوە پێش ھەر شتێک لە نێو دڵ و گیانی گەلی تورکیادا جێگای خۆی کردووەتەوە. ئەردۆغان بەو جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا و گوتی: لە لایەکەوە شەڕی ئەوە دەکرێ کە ئایا ناوی ناوچە یا گوندەکان تورکی بێ یا کوردی لە لایەکی دیکەوە: دەیانەوێ ناوی کەسێک کە بووەتە بەشێک لە مێژووی تورکیا لە سەر کۆڵانەکان لا بدەن، ئەگەر چەند کەس و لایەنێک وا بیر دەکەنەوە کە دەتوانن ئەو کارە بکەن، ئەوا دەبێ چاوەڕوانی ھەنگاوی بەرامبەر بکەن. چونکە خەڵک ناو و تابلۆیەکی لەوە گەورەتر دێنێ و دایدەنێتەوە. تۆ واز لە لابردنی تابلۆکان بێنە خزمەتی خەڵک بکە، ھێشتا دەستت بەکارنەکردووە، چۆن دەتوانی بڵێ کار کردن بە لابردنی تابلۆ دەست پێ دەکا؟ کاری سەرەکی سەرۆک شارەوانی لابردنی تابلۆکان نییە، بەڵکو خزمەت کردن و پاکو خاون راگرتنی شارەکان و ئاوەدانکردنەوە و گەشە پێدانی شارەکانە."
سەرۆکوەزیران لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی: "حاڵی حازر سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغانە، حکومەتی تورکیا ھەوڵ بۆ ئەوە دەدا کە دایکان نەگرین، بەڵام چەند کەس و لایەنێک بۆ ئەوەی دایکان بگرێن و دڵی دایکان بسوتێنن لە پێشبڕکێدان و باسی ئاشتیش دەکەن، بەڵام ھەموو کەس دەزانێ کە ئەو جۆرە کەسانە لە بواری بەرقەرار کردنی ئاشتیدا جددی نین، ئەوانەی کە باس لە تیرۆری دەوڵەت دەکەن با ھیچ کات چاوەڕوانی ئەوە نەکەن کە دەوڵەت دەست خۆشییان لێ بکا، چونکە حاڵی حازر سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغانە. ئەوانەی تەنیا بە زمان باسی ئاشتی دەکەن بە ھیچ شێوەیەک ناتوانن ئاشتی بەرقەرار بکەن. کاتێک کە ئێمە ھەوڵ بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان بە دیالۆگ، سیاسەت و بەدوور لە توندوتیژی دەدەین، ھیچ قسەیەکیان نییە بەو کەسانەی بڵێن، کە رێگاکان دادەخەن و ئۆتۆمبێلەکانی خەڵک دەسوتێنن و زوڵم لە خەڵک دەکەن و ئەوانەشی کە پشتگیرییان لێ دەکەن. قۆناغی چارەسەری پرسی کورد بە پشتگیریکردنی یەکپارچەی خەڵک بەڕێوە دەچێ و بۆیە چاوەڕوانی بە ئەنجام گەیشتنی ئەو قۆناغەین. ئەوانەی کە لە لایەکەوە باس لە ئاشتی دەکەن و لە لایەکی دیکەیشەوە ھەوڵ بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی و قۆناغی چارەسەری دەدەن و ئەوانیش کە پشتگیرییان لێوە دەکەن لە راستیدا ھەوڵ بۆ لە ناوبردنی خۆیان دەدەن."