Sarp Özer
24 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2021
ئەنقەرە - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار سەبارەت بە درێژەدان بە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حامید کارزای لە ئەفغانستان، رایگەیاند ''ئەمڕۆ شاندی تەکنیکی ئەمریکا سەردانی وەزارەتەکەمانی کرد. کۆبوونەوەمان دەستی پێ کرد و بەردەوامی هەیە. لەئێستا بڕیارێک نییە درابێت. جگە لەو کارمەندانەی ئێستا لە ئەرکدان کەسی دیکە نەچووە بۆ ناوچەکە''.
لە چوارچێوەی ئەو پرۆتۆکۆڵەی لەنێوان وەزارەتی بەرگریی تورکیا و ASFAT واژووکراوە، بە بەشداری وەزیری بەرگریی، خولوسی ئاکار و وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆجیا، مستەفا ڤارانک و سەرۆک ئەرکانی سوپا، جەنەراڵ یاشار گولەر و فەرماندەکانی سوپا لە بەڕێوەبەرایەتی سێیەمین کارگەی چاککردنەوەی ئاسمانیی، رێوڕەسمی رادەستکردنی هەزار HGK-82 بەڕێوەچوو کە بە پشتیوانی تەکنیکی TÜBİTAK SAGE کراوە.
وەزیری بەرگریی تورکیا لە رێوڕەسمەکەدا، گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە پەرەسەندنەکانی ئەفغانستان کرد.
خولوسی ئاکار ئەفغانستانی بە دڵی ئاسیا و وڵاتێکی گرنگ ناوزەند کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندی کولتووریی و رەگی مێژوویی لەنێوان تورکیا و ئەفغانستاندا هەیە.
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار هەروەها ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ١٠٠ ساڵە پەیوەندیە دیپلۆماسیی تورکیا-ئەفغانستان هەیە و گوتی: ''وەک لە رێککەوتنی هاوپەیمانی تورکیا-ئەفغانستان لە ١٩٢١دا باسی لێوە کراوە چارەنووس و خۆشگوزەرانی هەردوو وڵات یەکە. لەبەرئەوە تورکیا هەمیشە هەوڵیداوە خوشک و برایانمان لە ئەفغانستان لە ئاشتیی، ئارامیی و سەقامگیریدا بژین''.
خولوسی ئاکار باسی لەوە کرد کە تورکیا لە چوارچێوەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کۆمەکی هێزی هاوکاری ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە کە لە ساڵى ٢٠٠٢دا یەکەم ئەرکی دەستی پێکردووە و لە ٢٠١٥ەشەوە دەستی کردووە بە هاوکاریکردنی ئەرکی پشتیوانی پێداگری ناتۆ و سەرکەوتنەکانی تورکیاش لەوێ لەلایەن هەمووانەوە بەو پەڕی رێزەوە باس دەکرێت.
وەزیری بەرگریی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو کە سوپای تورکیا لەئێستادا بەردەوامە لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکەی لە فەرماندەیی راوێژکاری هاوکاری مەشقی کابول و گوتی: ''ئەگەر هەلومەرجی پێویست دابین بکرێت بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی تا ئەمڕۆ بەدەستهاتوون و لە چوارچێوەیەشدا بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حامید کارزای کە شەش ساڵە بەڕێوەی دەبەین، جێگەی باسە. گفتوگۆکان لەو بارەیەوە درێژەی هەیە. لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا کاردەکەین لەسەر ئەوەی دەتوانین چی بکەین لەو بارەیەوە. ئەمڕۆ شاندی تەکنیکی ئەمریکا سەردانی وەزارەتەکەمانی کرد. کۆبوونەوەمان دەستی پێ کرد و بەردەوامی هەیە. لەئێستا بڕیارێک نییە درابێت. جگە لەو کارمەندانەی ئێستا لە ئەرکدان کەسی دیکە نەچووە بۆ ناوچەکە. دەمانەوێت ئەنجامێکی گونجاو بۆ بەرژەوەندیەکانی وڵاتەکەمان و ئەفغانستان دەست بخەین. ئامانجمان ئەوەیە بەردەوام بین لەسەر پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئاسایش، ئارامی و خۆشگوزەرانی خوشک و برایانمان لە ئەفغانستان''.