Sangar Hamad Azeez
23 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2016
سەرۆكی شاندی دانوستانكارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ئەسعەد ئەزوعبی: "ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باس لە ١٢ شوێن دەكات كە گەمارۆی لەسەر بێت بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لە ئێستادا زیاد لە ٢٥ ناوچە هەن كە گەمارۆیان خراوەتە سەر".
لە چوارچێوەی كۆبوونەوەكانی جنێف كە لە نێوان هەردوو شاندی رژێمی ئەسەد و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ئەنجام دەدرێت، بەر لە هەفتەی دووەم نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا ستافان دی مستورا لەگەڵ شاندی دانوستانكارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كۆبووەوە.
دوای كۆبوونەوەكە سەرۆكی شاندی دانوستانكارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ئەسعەد ئەزوعبی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
ئەزوعبی نیگەرانی خۆی نیشان دا بەرامبەر بە پەلامارەكانی ئیستانبوڵ و برۆكسل و هاوكات ئیدانەی رووداوەكانیشی كرد.
ناوبراو سوپاسی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كەوا بە جدی هەوڵ دەدات بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سووریا و رژێمەكەی ئەسەدیشی بە كەمتەرخەم لە بابەتەكە تۆمەتبار كرد.
ئەسعەد ئەزوعبی جەختی كردەوە لەوەی كە رژێمەكەی ئەسەد بەردەوامە لە بۆردومانكردنی هاووڵاتییانی سڤیل بە بۆمبی بەرمیلی و گوتی: "ماوەی پێنج رۆژ دەبێت گەمارۆ خراوەتە سەر ناوچەی بەرزێ، ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ناوچەكانی حومس، حەما و لازقییە درێژە بە گەمارۆكان دەدرێت. ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باس لە ١٢ شوێن دەكات كە گەمارۆی لەسەر بێت بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لە ئێستادا زیاد لە ٢٥ ناوچە هەن كە گەمارۆیان خراوەتە سەر".
سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی كۆبوونەوەكانیش، سەرۆكی شاندی دانوستانكارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا گوتی: " تاوەكو ئێستا هیچ خاڵێكی هاوبەشمان لەگەڵ بەڕێز دی مستورادا نەدۆزیوەتەوە كە شایەنی باس بێت".