Muhammed Gencebay Gür
10 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2022
ئیستانبوڵ - AA
بارینی بارانی به لێزمه لەگەڵ هەورە بروسکە کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر ژمارەیەک ناوچە لە ئیستانبوڵ.
لێزمهبارانەکە کە ئێوارەی دوێنێ بە شێوەی پچڕ پچڕ دەستی بە بارین كرد، شەو چڕتر بووەوە و کاریگەری کردە سەر هەریەک لە ناوچەکانی بەیکۆز، ئوسکودار، ئومرانییە، ساریەر، شیلە، بەشیکتاش، کاغتهانە، شیشلی، زەیتینبورنو، باغجڵار و فاتیح.
ئەو کەسانەی لە کاتی باران بارینەکە لە دەرەوە بوون، پەنایان بردە بەر وێستگەکانی پاس و شوێنکارەکان.
بەهۆی لێزمهبارانەوە ئاو لە ژمارەیەک لە کۆڵان و شەقامەکان کۆبووەوە.
بەهۆی بارانهكهوه جەنجاڵی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە وێستگەی سەیرانتەپەی لهسهر رێگای گشتیی، دەرچەی بەشی ئاسیای پردی فاتیح سوڵتان مەهمەت و پردی شەهیدانی ١٥ی تەمووز و چەند رێگایەکی دیکە دروست بوو.
لە ئاکامی سەرڕێژبوونی هەرامیدەرە لە گەڕەکی پنار لە ناوچەی ئەسەنیورت شەقامی ١٩ی ئایار و کۆڵانەکانی دەوروبەری، بە رووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیادەدا داخران.
ژمارەیەک کۆڵانیش بەهۆی گیرانی سەرەمەنهۆڵەکانەوە، سەرڕێژ بوون و بە رووی هاتوچۆدا داخران.
دوای ئەوەی بەهۆی سەرڕێژبوونی هەرامیدەرەوە ژمارەیەک ماڵ و شوێنکار ژێرئاو کەوتن، تیمە پەیوەندیدارەکان رەوانەی ناوچەکە کران و ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی کە لە ماڵ و شوێنکارەکاندا گیریان خواردبوو، رزگار کران.
ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانەیش کە پەنایان بردبووە بەر مزگەوتی ئیرشاد، دوای هاتنی ئاو بۆ نهۆمی یەکەمی مزگەوتەکە، ئەوانیش گیریان خوارد. دوای بەتاڵکردنەوەی شەقامەکە لە ئاو، تیمەکان هاووڵاتییە گیرخواردووەکانیان لە مزگەوتەکە هێنایە دەرەوە.
بنکەی هۆشداری پێشوەختە و پێشبینی ناوچەی ئیستانبوڵ سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هۆشداری دابوو لە ئەگەری لێزمهبارانی بە هەورەبروسکە و لێزمهبارانی چڕ لە ناوچەی مارمارا.