ئیستانبوڵ
ئاندرێیا دی بلاسیۆ لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیاوە بەرێكەوت، دوای بڕینی زیاتر لە پێنج ھەزار كیلۆمەتر گەیشتە شاری ئیستانبوڵ. بلاسیۆ لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی رابردوو دەستی كرد بە پەیدان لێدان، لە رۆماوە چووە سلۆڤینیا، لەوێوشەوە بۆ كرواتیا، بۆسنە و هەرسك، مۆنتینیگرۆ، ئەلبانیا لەوێشەوە گەیشتە یۆنان دوای یۆنانیش گەیشتە شاری ئیستانبوڵ.
وەرزشوانەكە لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند ئەو گەشتەی بۆ سەربەخۆیی خەڵكی فەڵەستین ئەنجامداوە گوتی: "ئەوەی من كردووەمە پرسێك و هەوڵێكی سیاسی نییە بەڵكو بابەتێكە كە پەیوەندیدارە بە مرۆڤایەتییەوە. من ئەوەم بۆ خەڵكی فەڵەستین كردووە. ھۆكاری راستەقینە و ئامانجی سەرەكیم ئەوەیە. لەھەمان كاتدا بۆ خۆم كردووەمە. بۆ سەربەخۆیی خۆم و مافەكانی خۆم كردووەمە".
بلاسیۆ ئاماژەی بەوەكرد كە چەند رۆژێك لە ئیستانبوڵ دەمێنێتەوە و دواتر لەوێوە بە فڕۆكە دەچێتە ئیسرائیل و لەوێشەوە دەچێتە شاری قودس. سەبارەت بەو گەشتەی گوتی: "خۆزگە تا كۆتایی ژیانم لە فەڵەستین بمێنمەوە بەڵام دەزانم ناگونجێت. بۆ ماوەی 10 رۆژ لە فەڵەستین دەمێنمەوە".
ئەو دەشڵێت كە عاشقی فەڵەستینە لەسەر پاسكیلەكەشی ئاڵای فەڵەستین ھەیە. لە بارەی فەڵەستین دەڵێت پێویستە مرۆڤەكان بۆ سەربەخۆیی فەڵەستین ھەڵوێستیان ھەبێت.
بلاسیۆ گوتیشی: "من كەسێكی سیاسی نیم تەنھا دەمەوێت ئەوە بە مرۆڤەكان بڵێم، ئەو خەڵكەی لەوێن بێ تاوانن. گەمارۆیان خستووەتە سەر خەڵكەكە لە بارودۆخێكی خراپدا دەژین. وایان لێ دەكەن بە زۆر وڵاتەكەیان جێ بھێڵێن. من بە مرۆڤەكان دەڵێم تەنیا بیر لەوە بكەنەوە".