چۆروم
مامۆستای زمانی تورکی قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی (کارشییاکا)ی شاری چۆرم (ئەرگول ئاسڵان) بە ھۆی نەبوونی کتێبخانە لە قوتابخانەکەدا بیری لە دامەزراندنی کتێبخانە کردەوە و بۆ ئەو مەبەستە لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاو کردەوە.
ئەرگول ئاسڵان کە مامۆستای قوتابخانەیەکە کە ھەزار و ٨٠٠ قوتابی تێدا دەخوێنن، ساڵی رابردوو لە رێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە ھەڵمەتێکی بۆ کۆکردنەوەی کتێب دەستپێکرد. ئەسڵان لە پەیامی خۆیدا نووسیویەتی" قوتابخانەکەمان خاوەن ھەزار و ٨٠٠ قوتابییە کەچی کتێبخانەمان نییە ئایا ئامادەن ھاوکاریمان بکەن."
ئەرگول ئەسڵان گوتی" دوای دەستپێکردنی ھەڵمەتەکە لە سەر تۆڕی کۆمەلایەتی تویتەر، داوام لە کەسوکاری قوتابییەکان کرد تا ئەگەر لە ماڵەوە کتێبیان ھەبێ و پێویستییان پێ نەبێ پێشکەشی کتێبخانەی قوتابخانەی بکەن، بۆیە توانیم بەمجۆرە چەندین کتێب کۆ بکەمەوە."
ئەرگول ئەسڵان رایگەیاند: دوای دەستپێکردنی ھەڵمەتەکە، داوای ھاوکاریم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە کرد و لە رێگای تۆڕی تویتەرەوە حەفت ھەزار و ٥٠٠ پەیاممان بۆ ھات و ژمارەیەک لەو کەسانەی پەیامیان بۆ ئێمە ناردبوو، بەڵێنەکانی خۆیان بەجێگەیاند.
ئەرگول ئەسڵان گوتی" دوای کۆتاییھاتنی ھەڵمەتەکە نزیکەی ١٠ ھەزار کتێبمان بۆ ھات و بە ھۆی گچکە بوونی کتێبخانەکەوە بە ناچاری شوێنی کتێبخانەکەمان گۆڕا و لە کتێبخانە نوێیەکەدا توانیمان جێگای حەفت ھەزار و ٥٠٠ کتێب بکەینەوە و ئەوانەی کە ماونەتەوە ھێشتا لە نێو کارتۆنەکاندان و دەرمان نەھێناون."
ئەسڵان لە کۆتایی گوتەکانی خۆیدا ئاماژەی بەوەدا کە پێش ھەر کەس دەستخۆشی لە قوتابییەکانی قوتابخانەکەمان دەکەم، چونکە لەگەڵ قوتابیانی ئەو قوتابخانەدا بە تایبەتی ئەوانەی کە من مامۆستایان بووم توانیومان ئەو کتێبخانەیە دابمەزرێنین.