Sarp Özer
06 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2023
ئەنقەرە – AA
راوێژکاری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، زەکی ئاکتورک رایگەیاند بە مەبەستی درێژکردنەوەی وادەی رێککەوتننامەی رێڕەوی رەوانەکردنی دانەوێڵە کە ١٧ی تەمووز وادەکەی کۆتایی دێت، لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە لە هەماهەنگیدان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رووسیا و ئۆکراینا.
ئاکتورک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، جەختی لەسەر بەردەوامیدان بە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە سەروویانەوە پەکەکە/کەجەکە/پەیەدە-یەپەگە، داعش و فەتۆ کردەوە و گوتی: "لە یەکی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا ٣٢٠ ئۆپەراسیۆن لە باکووری عێراق و سووریا ئەنجام دراون کە ١٩یان گەورە و ٣٠١یان مامناوەند بوون. ٧٩٤ تیرۆریست لە چالاکی خراون کە ٢١یان لەم هەفتەی دواییدا بووە. لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا لە باکووری عێراق و سووریا ٣٨ هەزار و ١٣٧ تیرۆریست لە چالاکی خراون".
زەکی ئاکتورک سەرنجیشی خستە سەر ئەوەی بە مەبەستی درێژکردنەوەی وادەی رێککەوتننامەی رێڕەوی رەوانەکردنی دانەوێڵە کە ١٧ی تەمووز وادەکەی کۆتایی دێت، لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە لە هەماهەنگیدان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رووسیا و ئۆکراینا.
- دامەزراندنی ناوەندێکی هاوبەش لە باکووری سووریا
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەوەیان وەبیر هێنایەوە کە لە سالێ ٢٠١٩ چاکسازی لە سیستەمی خزمەتی سەربازییدا کرا و سیستمێکی نوێی مۆدێرنیان جێبەجێ کرد. بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە، بەهای قەرەبووکردنەوەی خزمەتی سەربازیی بەپێی زیادکردنی رێژەی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومی جێگیر کراوە.
کاتێک پرسیار لەبارەی چالاکییەکانی سوپای تورکیا لە کۆسۆڤۆ کرا، سەرچاوەکان رایانگەیاند کە دوای ئەو گرژییەی لە وڵاتەکەدا دروستبوو، دوو فەوجی سەربە لیوای ٦٥ی پیادەی میکانیزەکراوی تورکیا لە دووی تەمووزەوە لە کۆسۆڤۆ دەستیان بە ئەرکەکانیان کرد.
سەرچاوەکان بە ئاماژەدان بەوەی کە سەربازانی تورکیا ئەرکی پاڵپشتیکردنی ئاشتییان بە سەرکەوتوویی بەجێگەیاندووە، رایانگەیاندووە: "کارەکان بە سەرکەوتوویی بەردەوامە، هیچ پێشهاتێکی نەرێنی لە ئارادا نییە. ئەرکی سەربازانی تورک تا سەرەتای مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبێت".
لەبارەی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا، سەرچاوەکان کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی و هەواڵگریی تورکیا، رووسیا، ئێران و سووریایان بەبیر هێناوەتەوە کە لە ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٣ لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو، هاوکات سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە دامەزراندنی ناوەندێکی هاوبەشیی چوارلایەنە لە باکووری سووریا تەوەری کۆبوونەوەکان بوو و رایانگەیاندووە کە کارەکانی دامەزراندنی ناوەندەکە کە نوێنەری سەربازیی هەر وڵاتێک تیایدا دەبێت، بەردەوامە.