Sarp Özer,Hozan Mohammed Jabbar,Aoezan Khoshnaw Najmuldeen
09 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2023
ئەنقەرە - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار رایگەیاند، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی "رێڕەوی دانەوێڵە" کە بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ نەهێشتنی مەترسییەکانی "قەیرانی خۆراک" بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا دامەزرا و لە ١٨ی ئاداردا ماوەکەی تەواو دەبێت.
ئاکار لەو بارەیەوە روونکردنەوەیەکی داوە و رایگەیاندووە، تا ئێستا نزیکەی ٢٣،٥ ملیۆن تۆن دانەوێڵە لە رێگەی ٧٩٠ کەشتییەوە لە "رێڕەوی دانەوێڵەوە" گواستراوەتەوە.
بەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە ماوەی رێککەوتننامەکە لە ١٨ی ئازار کۆتایی دێت، ئاکار رایگەیاندووە: "بەردەوامین لە دانوستانەکانمان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆکراینا و رووسیا کە لایەنی دەستپێشخەری دانەوێڵەن. ئۆکرانیا بۆچوونی ئەرێنی خۆی بەرامبەربە درێژکردنەوەی ماوەی رێککەوتننامەکە دەربڕیوە، هەروەها رووسیا هەڵوێستێکی ئەرێنی هەیە. هیوادارین دەستپێشخەری دانەوێڵە بە هەوڵی هەموو لایەنەکان بەردەوام بێت و کارەکانمان ئێمەش بەو ئاراستەیە بەردەوامە".
- یەکەم کەشتی لە یەکی ئاب لە ئۆکرایناوە بەڕێکەوت
لە ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکانی تورکیا لە مانگی تەمووزی ساڵی رابردووداö "ناوەندێکی هەماهەنگیی هاوبەش" لە ئیستانبوڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا و لێرەوە گواستنەوەی سەلامەتیی بەرهەمە دانەوێڵەییەکان دەستی پێ کرد.
لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی نێوان وەزیری بەرگریی تورکیا و "ناوەندی هەماهەنگیی هاوبەش" و کاری چڕوپڕی "ناوەندی هەماهەنگیی هاوبەش" لە یەکی ئابی ٢٠٢٢ یەکەم کەشتی کە بڕی ٢٦ هەزار تۆن گەنمەشامی بارکردبوو لە چوارچێوەی رێککەوتننامەکەدا لە ئۆکرایناوە بەڕێکەوت.
- قەیرانەکە بە رێگەی "دیپلۆماسی" تێپەڕێندرا
لە کاتێکدا کە ناردنی دانەوێڵە بەردەوام بوو، رووسیا بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیای ئاگادار کردەوە کە دەستپێشخەری دانەوێڵەی بۆ ماوەیەک هەڵپەساردووە.
تورکیا بۆ بەرگرتن لە قوڵبوونەوەی زیاتری قەیرانەکە هەنگاوی نا. سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بەو پرسە پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئەنجام دا.
بە رێنماییەکانی سەرکۆمار ئەردۆغان، وەزیری بەرگریی، خولوسی ئاکار هەوڵێکی چڕوپڕی نیشان دا بۆ ئەوەی "رێڕەوی دانەوێڵە" بە کراوەیی بمێنێتەوە.
خولوسی ئاکار کە لە پەیوەندییەکی نزیکدابوو لەگەڵ وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو و وەزیری بەرگریی ئۆکراینا، ئۆلێکسی رەزینکۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە "دەستپێشخەری دانەوێڵە بۆ هەموو لایەنەکان سوودی هەیە، تێکچوونیشی دەبێتە هۆی قەیران و گرفت بۆ هەموو لایەنەکان".
- "هێڵی سوور" بۆ جارێکی دیکە کەوتەوە کار
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دانەوێڵە، دیپلۆماسییەتی "هێڵی سوور" کە لە مانگی ئایاردا جێبەجێ کرا، لەسەر رێنمایی وەزیری بەرگری، خولوسی ئاکار لەم پرۆسەیەدا کاراکرایەوە.
بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەسەر ئەم هێڵە گفتوگۆی چڕوپڕیان لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی ئۆکراینا و رووسیا سەبارەت بە درێژکردنەوەی رێککەوتننامەکە ئەنجام دا.
دوو رۆژ بەرلە کۆتاییهاتنی ماوەی رێککەوتننامەکە، سەرکۆمار ئەردۆغان بە رای گشتیی راگەیاند کە "بڕیار درا رێککەوتننامەکە بۆ ماوەی ١٢٠ رۆژ درێژبکرێتەوە".
ئەو ماوەیەوەی کە باسی لێوە دەکرێت لە ١٨ی ئادار کۆتایی دێت. ئەوەش زانراوە کە دانوستانەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی "رێڕەوی دانەوێڵە" بە کراوەیی بمێنێتەوە.
لەسەدا ٤٠ی دانەوێڵە کە بە رێڕەوەکەدا تێدەپەڕی، بۆ ئەورووپا، لەسەدا ٣٠ی بۆ ئاسیا، لەسەدا ١٣ی بۆ تورکیا، لەسەدا ١٢ی بۆ ئەفریقا و لەسەدا پێنجیشی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەوانە دەکرا.