Merve Özlem Çakır,Seda Tolmaç
04 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2023
ئەنقەرە - AA
مەهمەت شیمشەک دوای وەرگرتنی ئەرکی وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، رایگەیاند: "ئامانجی سەرەکی حکوومەتەکەمان بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتییە. لە قۆناغی داهاتووماندا شەفافیەت، هاوڕێکی، دووربینی و پابەندبوون بەنۆرمە نێودەوڵەتییەکان دەبێتە بنەمای سەرەکیی بۆ گەیشتن بەو ئامانجە".
رێوڕەسمی وەرگرتنی ئەرکەکە بە بەشداریی ژمارەیەک بیرۆکرات و کارمەندانی وەزارەتەکە و رۆژنامەنووسان لە بینای وەزارەتی پەیوەندیدار بەڕێوەچوو.
شیمشەک لە میانی رێوڕەسمەکەدا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد بەرامبەر بە پێسپاردنی ئەو ئەرکە گرنگە، هاوکات سوپاسی نورەددین نەباتی کرد و رایگەیاند ناوبراو وەک وەزیری گەنجینەی و دارایی لەماوەی ئەرکەکەیدا لەهەمبەر ئاستەنگییەکانی جیهان و کارەساتی بوومەلەرزە کە راستەوخۆ کاریگەری کردە سەر ١٤ ملیۆن هاووڵاتی، فیداکارییەکی جیددی نیشانداوە.
بە ئاماژەدان بەوەی کە لەم ماوەیەدا دەستکەوتی بەرچاو لە وەبەرهێنان، دامەزراندن، بەرهەمهێنان و هەناردەکردندا بەدەست هاتووە، شیمشەک رایگەیاند: "ئامانجی سەرەکی حکوومەتەکەمان بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتییە. لە قۆناغی داهاتووماندا شەفافیەت، هاوڕێکی، دووربینی و پابەندبوون بەنۆرمە نێودەوڵەتییەکان دەبێتە بنەمای سەرەکی بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. هاوکات کەمکردنەوەی هەڵاوسان بۆ تاکخانەیی لە ماوەیەکی مامناوەنددا، زیادکردنی دووربینی و خێراکردنی گۆڕانکاری پێکهاتەیی گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ وڵاتەکەمان".