Dildar Baykan Atalay,Sümeyye Dilara Dinçer
05 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2023
ئەنقەرە - AA
هاکان فیدان دوای وەرگرتنی ئەرکی وەزیری دەرەوە لە وەزیری پێشوو، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە بەردەوام دەبێت لە بەرەوپێشەوەبردنی دیدگای سیاسەتی دەرەوەی نەتەوەیی کە لەسەر بنەمای سەربەخۆیی دەوڵەت و سەروەریی ئیرادەی گەل دامەزراوە.
لە رێوڕەسمی رادەستکردنی ئەرکەکە کە لە بینای وەزارەتی دەرەوە بەڕێوەچوو فیدان و چاوشئۆغڵو چەپکە گوڵیان پێشکەش بەیەکتر کرد.
فیدان کە دواتر ئەرکەکەی لە چاوشئۆغڵو وەرگرت، گوتارێکی پێشکەش کرد و سوپاسی سەرکۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی کرد بۆ ئەو متمانەی پێی داوە.
هاکان فیدان ئاماژەی بەوە دا کە پەیوەندیی هاوڕێیەتیی لەگەڵ چاوشئۆغڵو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی دەرچوون لە زانکۆ.
- "بەردەوام دەبم لە بەرەوپێشەوەبردنی دیدگای سیاسەتی دەرەوەی نەتەوەییمان"
هاکان فیدان ئاماژەی بەوە دا کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیکردنی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی (میت)دا لەگەڵ وەزارەتەکەی چاوشئۆغڵو پێکەوە ئەرکی گەورە و قورسیان بەجێگەیاندووە و گوتی: "(چاوشئۆغڵو) هەمیشە وەک دەوڵەتمەدار و سیاسەتمەدار و لە هەمووی گرنگتر وەک مرۆڤ و دۆستێک گەورەیی خۆی نیشانداوە".
فیدان گوتیشی: "پرسێکی دیکەی گرنگ بۆ من ئەمڕۆ، وەرگرتنی بەرپرسیارێتی وەزارەتی دەرەوەمانە. لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا زۆر لە نزیکەوە لەگەڵیاندا کارم کردووە. لەماوەی ئەرکەکەمدا، هاوتەریب لەگەڵ ئەو دیدگا و بەهایانەی کە سەرکۆماری بەڕێزمان نوێنەرایەتیی دەکات، هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ پاراستنی یەکپارچەیی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی دەوڵەت و گەلەکەمان. بەردەوام دەبم لە بەرەوپێشەوەبردنی دیدگای سیاسەتی دەرەوەی نەتەوەییمان کە لەسەر بنەمای سەربەخۆیی دەوڵەتەکەمان و سەروەریی ئیرادەی گەلەکەمان دامەزراوە".
- چاوشئۆغڵو ماڵئاوایی لە ئەرکەکەی کرد
مەولود چاوشئۆغڵو بە ئاماژەدان بەوەی کە رێوڕەسمی رادەستکردنی ئەرک نەریتێکی زۆر بەنرخە بۆ دەوڵەت، گوتی: "ئەم ماڵئاواییکردنە لەهەمان کاتدا بەردەوامیی دەوڵەت نیشان دەدات".
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بە قۆناغی ئامادەیی خۆی دا لە قەزای ئالانیا و گوتی: "لەو رۆژانەدا رێکخراوە تیرۆریستییە خیانەتکارەکان دیپلۆماتکارەکانمانیان شەهید دەکرد. رۆژانە بە هەواڵی دڵتەزێن لە خەو هەڵدەستین. لەگەڵ ئەوەشدا دەمانبینی کە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا تەنانەت بۆ ساتێکیش دوودڵی و ترسی نیشان نادات و شەرەفی نوێنەرایەتیکردنی دەوڵەت و نەتەوەی شکۆمەندارمان دەپارێزێت".
مەولود چاوشئۆغڵو دواتر ئاماژەی بەوە دا کە ئێستاش کاتی رادەستکردنی ئاڵای وەزارەتە و گوتی: "ئاڵای وەزارەتی دەرەوەمان کە بۆ ماوەی هەشت ساڵ و شەش مانگ و ١٣ رۆژ هەڵمگرتبوو، رادەستی برای ئازیزم، هاکان فیدان دەکەم".
ناوبراو تیشکی خستەسەر ئەوەی کە وەزارەتی دەرەوە و میت دوو دامەزراوەی دیارن کە لە رووی بنەماکانی کارکردنەوە لەیەک دەچن و خزمەتکاری نەتەوەی مەزنی تورکیان، گوتیشی: "ئێمە لە سەختترین جوگرافیا و لە ھەستیارترین بابەتەکاندا بەیەکەوە دەوڵەت و نەتەوەکەمان پاراست، بەیەکەوە لە دژی تۆڕە تیرۆریستییەکانی دەرەوەی وڵات، بەتایبەتی فەتۆ و پەکەکە شەڕمان کرد".