Abdullah Shukur
24 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2016
عەنتاب - AA
لە ئۆپەراسیۆنی "قەلغانی فورات" لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە بەشداری ھێزی ئەرکی تایبەتی سوپای تورکیا و ھێزەکانی ئاسمانی ھاوپەیمانان، لە ناوچەی جەرابلوسی نزیک سنووری تورکیا، سوپای سووریای ئازاد گەیشتە دەروازەی ناوەندیی شارۆچکەکە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەکانی سەربازیی و فەرماندەکانی سوپای سووریای ئازاد بەدەستکەوتوون، لە ئۆپەراسیۆنی "قەلغانی فورات" لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە بەشداری ھێزی ئەرکی تایبەتی سوپای تورکیا و ھێزەکانی ئاسمانی ھاوپەیمانان ناوەندەیی شارۆچکەی جەرابلوسی نزیک سنووری تورکیا کەوتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای سووریای ئازادەوە.
ئێستا ھێزەکانی سوپای سووریای ئازاد لە ھەوڵی پوچەڵکردنەوەی بۆمبە چێنراوەکانی داعش دان.
فەرماندەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا رایانگەیاند کە شەڕ و پێکدادانی لایەنەکان لە ئێستا وەستاوە، بەڵام مەترسی ئەنجامدانی ھێرشی خۆکوژی لە لایەن داعشەوە لە ئارادایە.
ھێزەکانی سوپای سووریای ئازاد ھاوشانی ھێزی تایبەتی سوپای تورکیا نیوەڕۆی ئەمڕۆ، گوندی کەکلیجایان کۆنترۆڵکردبوو. لە دوای ئەمەش بەرەو ناوەندیی شارۆچکەی جەرابلوس پێشڕەویان کرد.
لە باکووری ناوەندیی ئەو شارۆچکەیە، بەھۆی دانانی بەربەست لە نزیک سنووری تورکیا و ھەبوونی رووباری فورات لە رۆژھەڵاتی ئەو شارۆچکەیە، وایکردووە کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە شارۆچکەکە گەماڕۆ بدرێت. ھاوکات بەشی رۆژھەڵاتی رووباری فوراتیش لە ژێر کۆنترۆڵی پەیەدە دایە.
بەم پێیەش ناوەندەیی شارۆچکەی جەرابلوسی نزیک سنووری تورکیا کەوتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای سووریای ئازاد. لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا ھیچ زیانێکی گیانی بەر سوپای تورکیا نەکەوتووە و چەکدارێکی سوپای سووریای ئازاد کوژرا و ١٠ چەکداریش برینداربوون.
ئەم ئۆپەراسیۆنە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنووری تورکیا و پشتیوانی لە ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا دەستی پێکردووە.