Muhammet Ali Kemal
10 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2016
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند پێیان وا نییە کۆبوونەوەی نێوان سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە سان پیتەرسبۆرگ ببێتە هۆی لاوازبوونی پەیوەندیی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئێلیزابێس ترودیۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی نێوان تورکیا و رووسیا کە دوێنێ سازکرا، دایەوە.
ترودیۆ لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان ئەردۆغان و پوتین کە دوای نۆ مانگ چاویان بە یەکتر کەوت رایگەیاند: ''ئێمە هیچ گومانێکمان نییە لەوەی (نزیکبوونەوەی نێوان تورکیا و رووسیا) نابێتە هۆی لاوازبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا''.
ترودیۆ ئاماژەی بەوەکرد کە تورکیا و رووسیا دوو وڵاتی سەربەخۆن و رایگەیاند: ''لەزۆر ناوچەی جیهان پەیوەندییان هەیە. تاکە ئامانجی هاوبەشی تورکیا و رووسیا داعش نییە، ئەوان لە ژمارەیەک بواری گرووپی پشتیوانیی نێودەوڵەتی لە سووریا، هاوبەشن''.
هاوکات ئێلیزابێس ترودیۆ باسی لەوەکرد ئەو زمانەی کە ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندن و هەندێک بەرپرس لە تورکیا لە روونکردنەوەکانیان پەیوەست بە ئەمریکا بەکاری دەهێنن بووەتە ''هۆی نیگەرانی ئەوان''.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ''لەئەمریکا کەشێکی دژی ئەمریکا درووستبووە، ئایا ئیدارەی واشنتۆن لەمە ناڕەحەتە یان نا''، ترودیۆ باسی لەوەکرد ئەو پێشهاتانە ئەوانی نیگەران کردووە.
ئێلیزابێس ترودیۆگوتيشى: ''ئێمە لەم بارەیەوە نیگەرانین. پێمان وا نییە ئەم گوتارە سوودبەخش بێت. ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین هەموو لایەنەکان لە تورکیا هەر لە میدیا، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و حکوومەت، کاتێک کە لێدوانێک دەدەن هەست بە بەرپرسیارێتیی بکەن''.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە رادەستکردنەوەی گەورە تیرۆریست، فەتحوڵڵا گولەن بە تورکیا ئاماژەی بەوەکرد ئەوان لە پەیوەندیی راستەوخۆدان لەگەڵ تورکیادا لەوبارەیەوە.