Rewa Mahmut Hasan
10 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2017
ئەنقەرە-AA
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، نورەددین جانیکلی لەبارەی فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە پێدانی چەک بە پەیەدە گوتی: "ئێمە بڕوادەکەین، چاوەڕێ دەکەین و ئومێدەوارین کە ئیدارەی ئەمریکا ئەم هەڵەیە راگرێت و دەستبەرداری ئەمە ببێت".
نورەددین جانیکلی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی کەناڵی ئاهەبەری تورکیدا وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە رۆژەڤ دایەوە.
لە بارەی پێدانی چەک بە پەیەدە کە لە لایەن تورکیاوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی هەژمار دەکرێت، نورەددین جانیکلی ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا ئەو سیاسەتەی ئیدارەی کۆنی باراک ئۆباما بەردەوامی پێ دەدرێت و گوتی:
"دەبێت ئەم بڕیارەش لەو چوارچێوەیەدا سەیر بکرێت، ناتوانین وەڵامی روون و ئاشکرا بدەینەوە کە ئایا ئیدارەی ترەمپ لە ئەنجامدا هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکات یان نا. ئەوە دەبینین، هیچ جیاوازی نییە کاتێک یارمەتی ناڕاستەوخۆی گرووپێک بدەیت کە ئەمریکا خۆی بە گرووپی تیرۆریستی ناوی دەبات، جا ئەمە لە رێگەی یەپەگەوە بکرێت هیچ لەو راستیە ناگۆڕێت کە پشتگیری لە رێکخراوێکی تیرۆریستی دەکرێت. ناکرێت ئەمە قبوڵ بکرێت. ئەمە رووداوێکی گرنگە. ئەم پرسە بۆ کۆماری تورکیا پرسێکی مان و نەمانی میللەتی تورکە، پرسێکی مانەوەیە. دەبێت هەموو کەسێک ئەمە بە باشی بزانێت. ئەگەر لە رێگەی هەندێک کەسانی سادەوە، هەوڵی بەرەوپێشبردنی هەندێک پرۆژە بدرێت، ئەم میللەتە هەرگیز رێگە بەمە نادات. ئێمە لەو بڕوایەداین، چاوەڕێ دەکەین و ئومێدەوارین کە ئیدارەی ئەمریکا کۆتایی بەم هەڵەیە دەهێنێت".
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، نورەددین جانیکلی ئاماژەی بەوەدا کە سیاسەتێکی لەو چەشنە سوود بە کەس ناگەیەنێت و رایگەیاند "ئەمانە کۆمەڵە کارێکن دژبە میللەتی تورک، بە شێوەی ئاسایی بەردەوام دەبین لە بەرەنگاریەکانی خۆمان، هەموو هەوڵە دیپلۆماتیەکان دەدەین، هیوادارین کە ئیدارەی نوێ کۆتایی بێنێت بەم هەڵەیە".