ھونەرمەند عەدنان شەنسەس لەتەمەنی ٧٨ ساڵی لە نەخۆشخانەی تایبەتی مۆمیرۆل شیشلی لە کاژێر ٢٠.٣٠ خولەک کۆچی دواییکرد.
لێدوانی دکتۆری شەنسەس
دکتۆر محەمەد سوسام، پسپۆری نەخۆشیەکانی دڵ و دەمار کە سەرپەرشتی چارەسەری ھونەرمەند عەدنان شەنسەسی دەکرد گوتی:" عەدنان شەنسەس کێشەی ھەناسەی هەبوو، بۆریی ھەناسەی بە باشی کارینەدەکرد. سێ ساڵ بوو چارەسەری شێرپەنجەی گەدەی بۆ دەکرا و ئەو نەخۆشییە لەھەموو جەستەی تەشەنەی کردبوو. لەو ١٥ رۆژەی دوایی بەھۆی تێکچوونی باری تەندروستی بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە."
مستەفا ساریگول، سەرۆکی شارەوانیی شیشلی، سەردانی نەخۆشخانەی کرد و سەروخۆشی ئاراستەی کەسوکاری شەنسەس کرد. لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان ساریگول گوتی:" رۆژی ھەینی دوای نوێژ لەسەر تەرمەکەی، لە مزگەوتی تەشویکیە عەدنان لە گۆڕستانی زنجیریە بەخاک دەسپێرین."
بیۆگرافیای شەنسەس
ساڵی ١٩٣٥ لە بورسا لەدایکبووە، لە ئەنقەرە دەستی بەخوێندن کردووە، هەر لە ئیستەنبوڵ درێژەی بەخوێندن داوە. دواتر لەسەر ویستی خێزانەکەی دەست بەکاری دارتاشی کردووە.
ساڵی ١٩٥٦ دەست بەخوێندنی مۆسیقا دەکا. ١٦ ساڵ لە رادیۆی ئەنقەرە کاری کردووە. لە گازینۆی بەناوبانگ گۆرانی دەڵێ و چەندین ئەلبوومی گۆرانی ھەیە.
لە ٤٧ فیلمی سینەمایی رۆڵی نواندنی بینیووە. شەنسەس خەڵاتی " ئاڵتن پڵاک " و چەند خەڵاتێکی دیکەی بەدەست ھێناوە.
پەیامی ئەردۆغان
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەھۆی کۆچی دوایی ھونەرمەند عەدنان شەنسەس، پەیامی سەرەخۆشی نارد.
تێیدا دەڵێ: "عەدنان شەنسەس شایانی ھەموو شتێکە، بە بەستە و وشەکانی جێگای خۆی لەناو دڵی ھەمووان کردۆتەوە. پێموایە شەنسەس بە بەرھەمە بێ ھاوتاکانی بۆ نەوەی دواڕۆژ دەبێتە نموونە و وەکو ھونەرمەندێکی رێزدار بەبیر دەھێنرێتەوە. لە خودای گەورە دەپاڕێینەوە رەحمەتی خۆی بەسەر ھونەرمەند عەدنان شەنسەس ببارێنێ، سەرساغی بۆ کەسوکاری، ھەموو ھونەردۆستان دەخوازم."