Hüseyin Cem Dağıstanlı
07 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2023
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، بڵاویکردەوە کە لەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییانەی لە ناوچەی گارا و قەندیل لە باکووری عێراق ئەنجامدران ١٢ ئامانجی سەربە ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/کەجەکە لەناوبران، کە تیرۆریستانی بەرپرسی پلە باڵاشیان لەناودابووە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بە ئامانجی لەچالاکی خستنی تیرۆریستانی پەکەکە/کەجەکە و تیرۆریستەکانی دیکە و لەناوبردنی ئەو پەلامارە تیرۆریستیانەی لە باکووری عێراقەوە دەکرێنە سەر خەڵک و هێزە ئەمنییەکان، ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان ئەنجامدراون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە ئۆپەراسیۆنەکان لە چوارچێوەی مافی شەرعییە ڕەواکانی بەرگرییکردن لەخۆ کە لە ٥١مین ماددەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەنجام دراوە.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە کاتژمێر١٨:٠٠ی ئەمڕۆ، چەند ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی کرایە سەر ئامانجەکانی تیرۆریستان لە گارا و قەندیل و هاتووە: "لەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییانەدا ١٢ ئامانج کە پێکهاتوون لە ئەشکەوت، پانەگە، حەشارگە و گۆگا و لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستییەوە بەکارهێندراوە لەناوبران، کە تیرۆریستانی بەرپرسی پلە باڵاشیان لەناودابووە".