Özcan Yıldırım
27 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2020
ئەنقەرە - AA
وەزيرى بەرگريى توركيا، خولوسى ئاكار پەيوەندييەكى تەلەفۆنیى لەگەڵ وەزيرى بەرگريى ئەمريكا، مارك ئێسپەر ئەنجامدا.
بە گوێرەى ئەو روونكردنەوەى كە لە وەزارەتى بەرگريى توركياوە بڵاوكراوەتەوە، لە میانی پەيوەندييە تەلەفۆنييەكەدا ئاكار و ئێسپەر تاوتوێى بابەتەكانى ئيدلب و بەرگریى و ئاسايشى نێوان هەردوو وڵاتيان كردووە.
لەلایەکی دیکەش وەزارەتى بەرگريى ئەمريكا (پنتاگۆن)، سەبارەت بە پەيوەندييە تەلەفۆنييەكەى وەزيرى بەرگريى ئەمريكا، مارك ئێسپەر و وەزيرى بەرگريى توركيا، خولوسى ئاكار دەربارەى دۆخى ئيدلب، رايگەياند، "بە گوێرەى ئەوەى كە لە پەيوەندييە تەلەفۆنييەكەى ئەمڕۆ تاوتوێ كراون ئەمريكا، لەگەڵ توركيا و كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە دواى رێگاكانى كاركردن دەگەڕێت".
گوتەبێژى پنتاگۆن مەقەدەم كارلا گلەيسن، دەربارەى پەيوەندييە تەلەفۆنييەكەى نێوان ئێسپەر و ئاكار چەند روونكردنەوەيەكى بۆ پەيامنێرى ئاژانسى ئانادۆڵو دا.
گلەيسن، گوتى: "هەردوو وەزير، تاوتوێى هێرشەكانى رووسيا و رژێمى ئەسەدى پاڵپشتكراو لەلايەن ئێرانەوە بۆ سەر ئيدلب و ئەو قەيرانە مرۆييەى كە بە هۆى ئەو هێرشانەوە لە باكوورى رۆژئاواى سوورياوە هاتۆتە كايەوە و دوايين دۆخى ليبيايان كردووە.
دەربارەى دۆخى ئيدلبيش، گلەيسن گوتى:"وەك چۆن سەرۆك ترەمپ رۆژى سێشەممە گوتى و ئەمڕۆش لە كۆبوونەوەكەدا باس كراوە، ئەمريكا لەگەڵ توركيا و كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەدواى رێگەچارەى كاركردن دەگەڕێت".
شايەنى باسە توركيا، بۆ بەرگريكردنى ئاسمانى لە ناوچەى ئيدلب داواى سستەمى بەرگريى پاتريۆت لە ئەمريكا دەكات.