Hamdi Yıldız
07 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2023
ئیستانبوڵ - AA
١٤ وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی دای لە ١٠ پارێزگای تورکیا، هاوکاری مرۆیی و تیمی فریاگوزاری دەنێرنە تورکیا.
- قەتەر
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی قەتەر، میری ئەو وڵاتە، شێخ تەمیم بن حەمەد ئەلسانی، فەرمانی دروست کردنی پردێکی ئاسمانی بۆ تورکیا، دەرکردووە کە لەڕێی ئەو پردە ئاسمانییەوە تیمێکی گەڕان و رزگار کردنی نێودەوڵەتی قەتەر، دەچنە تورکیا، نەخۆشخانەی گەڕۆک، هاوکاری مرۆیی، چادر و کەلوپەلی خۆگەرم کردنەوە دەگەیننە لێقەوماوان.
- کوێت
ئاژانسی هەواڵی "کونا"ی کوێتی، زانیاری ئەوەی بڵاوکردەوە کە بە فەرمانی میری کوێت، شێخ نەواف ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح، پردێکی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی هاوکاری مرۆیی و کەلوپەلی پزیشکی بۆ تورکیا، دروست دەکرێت.
- ئیمارات
ئاژانسی هەواڵی ئیمارات (WAM) لە هەواڵێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە سەرۆکی ئیمارات، محەمەد بن زاید ئال نەهییان، فەرمانی کردووە بە ناردنی هاوکاری بەپەلە و تیمی گەڕان و رزگار کردن بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکانی تورکیا و سووریا.
- میسر
وەزارەتی دەرەوەی میسر لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو کە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، سەمیح شوکری، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، ئەنجامداوە و تیایدا شوکری ئەوەی بە چاوشئۆغڵو راگەیاندووە کە میسر بڕیاری ناردنی هاوکاری مرۆیی بەپەلەی بۆ تورکیا داوە.
- ئوردن
وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ئەوەی راگەیاندووە کە شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم، فەرمانی کردووە بە ناردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ هەردوو وڵاتی تورکیا و سووریا.
- تونس
سەرۆکایەتی کۆماری تونس لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە سەرکۆماری ئەو وڵاتە، قەیس سەعید، فەرمانی ناردنی هاوکاری بەپەلەی بۆ هەردوو وڵاتی تورکیا و سووریا، راگەیاندووە. سەعید، ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی بۆ گواستنەوەی ئەم هاوکارییە مرۆییانە دەکەونەڕێ.
- فەڵەستین
سەرۆکایەتی وەزیرانی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینی، مەحمود عەباس سەرۆکوەزیرانی فەڵەستین، محەمەد ئشتییە'ی راسپاردووە بۆ رەوانەکردنی تیمێک بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی لە تورکیا و سووریا لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە.
- عێراق
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (INA) بڵاوی کردەوە کە مانگی سووری عێراق بەمەبەستی بەشداریکردن لە چالاکییەکانی گەڕان و رزگارکردن تیمێک رەوانەی تورکیا دەکات و هەروەها ٦٠ تۆن هاوکاری مرۆیی و پێداویستی پزیشکی رەوانەی سووریا دەکات.
- بەحرێن
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی بەحرێن BNA بڵاوی کردەوە کە شای بەحرێن، حامد بن عیسا ئالخەلیفە فەرمانی داوە بە دامەزراوەی شاهانەی چالاکییە مرۆییەکان هاوکارییە مرۆییە خێراکان بگەیەنێت بە تورکیا و سووریا.
- جەزائیر
رادیۆی دەوڵەتی جەزائیر بڵاوی کردەوە لەسەر راسپاردەی سەرکۆماری جەزائیر، عەبدولمەجید تەببون تیمێکی گەڕان و رزگارکردن لە سەرۆکایەتی بەرگریی شارستانی جەزائیرەوە رەوانەی تورکیا دەکرێت. بەپێی هەواڵی میدیا خۆجێیەکان تیمەکە لە ٨٩ کەس پێک هاتووە.
- لوبنان
وەزیری ژینگەی لوبنان، ناسر یاسین بە میدیاکارانی رایگەیاند لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیار دراوە بە رەوانەکردنی تیمێکی گەڕان و رزگارکردن بۆ تورکیا کە لە ٧٢ کەس پێک دێت.
- لیبیا
حکوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر بڵاوی کردەوە، سەرۆکوەزیران، عەبدولحامید دیبەیبە بڕیاری داوە تیمێکی تەکنیکی کە لە ٥٥ کەس پێک دێت رەوانەی تورکیا بکات.
- ئێران
وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە تیمەکانی گەڕان و رزگارکردنی مانگی سووری ئێران ئەمشەو بەرەو تورکیا بەڕێ دەکەون.
- ئیسرائیل
نووسینگەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یۆئاڤ گاڵانت لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، هێرزی هالەڤی تاوتوێی چالاکییەکانی هاوکاریکردنی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکانی تورکیایان کردووە و گاڵانت رەزامەندی نیشان داوە کە ئەگەر پێویست بکات نەخۆشخانەیەکی گەڕۆک دروست بکرێت.