Günay Nuh,Şenol Bozkurt,Abdullah Söylemez,Muhammet Ali Ateş,Talha Koca,Hüseyin Demirci
31 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2024
ئەرزەڕۆم - AA
شەوی رابردوو، نزمترین پلەی گەرما لە شاری ئەردەخان لە ناوچەی ئانادۆڵوی ڕۆژهەڵات تۆمار کرا کە ٣١ پلەی ژێر سفر بوو.
لە ناوچەی ئانادۆڵوی ڕۆژهەڵات، نزمترین پلهی گهرما لە شەوی رابردوودا بەم شێوەیە بوو؛ لە ئاگری ١٩ پلە ژێر سفر سهدی، لە قەرس ٢١ پلە ژێر سفری سەدی و لە ئهرزهڕۆم ١٧ پلە ژێر سفری سەدی.

بەهۆی سەرمای توندەوە، سەهۆڵبەندان لە ئەرزەڕۆم ڕوویدا و، جامی ئۆتۆمبێلە پارککراوەکانیش بەستیان و، ژمارەیەکیش لە هاووڵاتیان ئۆتۆمبێلەکانیان داپۆشی بۆ پاراستنیان لە بەستن.
نافورەکانی ناو باخچەی مزگەوتەکان بەستوویانە و، تیمەکانی شارەوانیش بەردەوامن لە ڕاماڵینی بەفر و سەهۆڵی سەر ڕێگاوبانەکان.

لە شاری ئەردەخان، ئەو کەسانەی بەیانی بە پێ چوونە سەر کارەکانیان بەهۆی سەرماوسۆڵەوە توشی ئاستەنگ و ناڕەحەتی بوون. هەندێک لەو کەسانەش بەهۆی سەرماوە پرژانگ و برۆیان بەستی.
لە ئاگری بەهۆی سەختی کەشوهەواوە درەختەکان زووقمیان گرت.
ئاوی سەرڕووی ڕووباری مورات و چەمەکانی ناوچەکە بەستی و لە هەندێ شوێنی ناوچەکەش تەم دروست بوو.

هاوکات بەهۆی سەرماوە لە شاری قەرس جامی پەنچەرەی ماڵان و دووکانەکان بەستیان، چلوورەش بە بنمیچی سەربانەکاندا شۆڕ بووەوە.
بەهۆی ئەوەی بەفر و سەهۆڵبەندان زۆربەی شوێنەکانیان داپۆشیوە، ژمارەیەک لە هاووڵاتیان خواردنیان بۆ باڵندە و ئاژەڵە بێ لانەکان دانا.