Mehmet Emin Gürbüz,Semih Kabasakal
07 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2023
بۆڵو - AA
لە ئاکامی پێکدادانی بارهەڵگرێک و پاسێک لەسەر رێگای ئانادۆڵو لە پارێزگای بۆڵو باكووری خۆرئاوای توركیا، ١٨ کەس برینداربوون.
لەسەر رێگای ئانادۆڵو بارهەڵگرێک کە ژمارەی تابلۆکەی 16 LSR 47 بوو، خۆی کێشا بە پاسێک کە 12 AL 772 ژمارەی تابلۆکەی بوو.

دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی تەندروستی و ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
لە رووداوەکەدا ١٨ کەس بریندار بوون کە برینی یەکێکیان سەختە.
بریندارەکان دوای دەرهێنانیان لەناو پاسەکە لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.
بۆماوەیەکی زۆر هاتوچۆ تەنها لەسەر یەک سایدی رێگاکە بەردەوام بوو بەمەش قەرەباڵغییەکی زۆر دروست بوو.
پارێزگاری بۆڵو، ئەرکان کڵچ سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد و زانیاریی سەبارەت بە رووداوەکە وەرگرت.
ئەرکان کڵچ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "لە رووداوەکەدا کە شەوی رابردوو روویدا، ١٨ کەس بریندار بوون کە رەوشی تەندروستیی یەکێکیان سەختە. ١٥ لە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کران".
کڵچ جەختی لەوە کردەوە کە هەموو رێوشوێنێکیان لەسەر رێگاکە گرتووەتە بەر و گوتی: "بەهۆی رووداوەکەوە قەرەباڵغی لەسەر رێگاکە دروست بووە. پۆلیسی هاتوچۆ بەردەوامە لە کارکردنی لەسەر رێگاکە".
یەکێک لە سەرنشینانی پاسەکە باسی لە چرکەساتی رووداوەکە کرد و گوتی: "بەهۆی رووداوەکەوە بریندار بووین، لە ناو پاسەکەدا منداڵیش هەبوون، هەمووان هاواریان دەکرد، دەگوترێت بارهەڵگرەکە سەرکێشی کردووە".
دوای لابردنی ئۆتۆمبێلەکان، رێگاکە بە تەواوی بە رووی هاتوچۆدا کرایەوە.