Fahrettin İbrahim
01 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2016
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانیى کرێکاران راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.
ئەوەی خوارەوە دەقی پەیامەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:
پەیامی حکوومەتی هەرێمى كوردستان له رۆژی جیهانیى کرێکاراندا
بە بۆنەی ڕۆژی یەکی ئایار، رۆژى جیهانیى کرێکارانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکەین. ئەمڕۆژە خاڵێکی پرشنگدارە لە مێژووی هەموو کرێکارانی جیهاندا بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانیان. کرێکاران پایەیەکی سەرەکیی کۆمەڵگاکانیانن و چینی خاوەن ڕەنج و بەرهەمهێنی وڵاتەکانیانن. کرێکارانی کوردستان ڕۆڵی گرنگ و کاریگەریان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان و گەشەپێدانی کوردستاندا هەیە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک هەر توێژێکی دیکەی هاووڵاتیان، بە بایەخەوە لە خەمی دەستەبەرکردنی ماف و داخوازییەکانی کرێکاراندایە و لهپێناو باشترکردنی گوزەران و رەخساندنی زیاتری دەرفەتی کار و خزمەتگوزاری و مافە گشتییەکانی کرێکاراندا، كار دهكات.
لەم بۆنەیەدا وێڕای دەستخۆشیکردن لە سەندیکای کرێکارانی کوردستان بۆ کار و خزمەتکردنیان، هیوادارین زیاتر لە خزمەتی داخوازی و مافەکانی کرێکارانی کوردستاندا بە شێوازی مەدەنی و یاسایی لە خەبات و کۆششیان بەردەوام بن. کەرتی تایبەتیش بە هاوکاریی حکوومەت، ڕەچاوی زیاتری ماف و خواستەکانی کرێکاران بکەن و خۆیان بەرپرسیاری سەرەکی بزانن لە بەردەم پێداویستییەکانی کرێکاران و کەش و ژینگەی کار، لە ئاستێکی شیاو و دروست و سەردەمیانەدا.
ئهنجوومهنى وهزیرانى ههرێمى كوردستان
١ / ٥ / ٢٠١٦