Kosar OSMAN
06 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2015
ئەنتاڵیا
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی تێپەڕبوونی کەشتییەکی سەربازیی رووسیا بە گەرووی بۆغازیچی دا.
کەشتییەکە لە رۆژی 4ی ئەم مانگەدا بە گەرووەکەدا تێپەڕیوە و یەکێک لە سەربازە رووسییەکان لەم کاتەدا رۆکێتێکی لەسەر شانی داناوە، وەک بڵێی لە ئامادەباشی دایە بۆ تەقاندن.
دوای ئەوەی ئەم ساتە لەلایەن چەند کەشتییەکی چاودێریی تورکیاوە وێنەی گیرا و بڵاوکرایەوە، لێرەو لەوێ دەنگ و ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو لەمیانەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی راوێژکاریی پارتەکەی لە ئەنتاڵیا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە و تیشکی خستە سەر ئەم رووداوە.
دوای ئەوەی چاوشئۆغڵو ئەم جۆرە تێپەڕبوونەی بە تەعەدا و سنووربەزاندن وەسفکرد گوتی: "بەزاندنی ئاسمانی تورکیا لەلایەن فڕۆکەکانی رووسیا، لەگەڵ تێپەڕبوونی کەشتیی سەربازییان بە بۆغازیچی دوو شتی جیاوازن".
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها گوتی تێپەڕبوونی گەروو یاسا و رێکەوتننامەی نێودەڵەتیی تایبەت بەخۆی هەیە. جا ئەگەر رووسیا یان هەر دەوڵەتێکیتر ویستی تێپەڕبوونی بە گەرووەکاندا هەبوو، ئەوا پێویستە رەچاوی خاڵ و رێکەوتننامەکان بکات و لێیان لانەدات.
چاوشئۆغڵو هیوای خواست ئەم دیمەنە شتێکی کەسی بێت و تایبەت بێت بە سەربازەکە. دووبارە ئەم کارەی هەنگاوێکی خراپ لە پەیوەندیی هەردوولا وەسفکرد.
هەروەها لەبارەی بانگێشتکرانی باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد لەلایەن وەزیری دەرەوە، چاوشئۆغڵو ئەوەی بە ئاسایی دانا و رایگەیاند کە ناو بە ناو حاڵەتی وەها روودەدات و دەکرێت حکوومەتی خانەخوێ بانگێشتی باڵیۆزخانەی وڵاتانیتر بکەن.
یەکێک لەو پرسانەی تر کە پرسیاری لەبارەوە ئاراستە کرا جێگیربوونی هێزی سەربازیی تورکیا بوو لە مووسڵ.
مەولود چاوشئۆغڵو بەمجۆرە وەڵامی رۆژنامەوانانی دایەوە: "وەزیری بەرگری داوای راهێنانی سەربازیی کرد. لە هەمان کاتدا پارێزگاری مووسڵ داوای کرد تورکیا راهێنان بە سەربازانی بکات. هێزەکانمان لەو ناوچەیە راهێنان بە پێشمەرگە و ئەو هێزانەیتر دەکەن کە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدان. ئەوە شتێکی تایبەت بە تورکیا نییە. بەڵکو ئەمریکا، فەڕەنسا و ئەڵمانیاش هەمان راهێنان لە عێراقدا ئەنجام دەدەن. تورکیا هەر لە سەرەتاوە لەسەر داواکاریی حکوومەتی عێراق چووەتە ناوچەکە و هیچ پێشێلکارییەک رووینەداوە. وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی عێراقی ئەم داوایەیان لە تورکیا کردووە و دواجاریش هەمان داواکاری لەلایەن پارێزگاری مووسڵەوە بەدەستمان گەیشت".