Muhammet Ali Kemal
09 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2016
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا و گوتەبێژی حكوومەتی ئەو وڵاتە نومان كورتوڵموش، لەدوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیران ئەحمەد داودئۆغڵو لە كۆشكی چانكایا، روونكردنەوەی دایە رۆژنامەوانان.
كورتوڵموش ئاماژەی بەوە كرد كە لەدوای ئۆپەراسیۆنەكانی دژی پەكەكەوە، هاوكاری و كارەكانیان بۆ هاووڵاتییان و ناوچەكە بەرەوپێش دەبەن، خێرای دەكەن و گوتی:
"لەڕاستیدا پێویستە خەڵكی سڤیلی ئەو ناوچانەی پەشێویی لێ دروست بووە، لەڕووی دڵ و دەروون و تەندروستییەوە ژیانیان بدرێتەوە بەر. ئەوەتا تیرۆر لە سلۆپیدا بنەبڕ بوو. جا پێویستە لەوێوە پرۆژەی ژیانەوەی دڵ و تەندروستی بەرەو شار و شارۆچكەكان دەستی پێ بكرێت. بە هەمان شێوە هەنگاو لەمەڕ بنیاتنانەوە و تازەكردنەوەی شارو شارۆچكەكان دەنرێت''.
-''توركیا هەمیشە لە ئامادەباشی دایە''
نومان كورتوڵموش لەبارەی رۆڵ و پێگەی حكوومەتەكەی لە قەیرانی سووریا گوتی: "توركیا هەموو كاتێك رێوشوێنی پێویستی لەمەڕ هەر هێرش و پەلامارێك گرتۆتەبەر. هەمیشە ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوە لە ئەگەری پێدرێژیی لایەنی بەرامبەر".
كورتوڵموش ئاماژەی بەوە كرد كە گرنگترین بابەت، بریتییە لە سەروەری خاكی توركیا و گوتی: ''ئێمە لایەنگری دابەشبوون و لەتبوونی هیچ وڵاتێك نین. هەڵویستی خۆمان بە روونی رادەگەیەنین و لانیكەم هێندەی ئەوە هەستیارین بەرامبەر بە سەروەریی توركیا و یەكپارچەیی خاكەكەمان. بەرامبەر بە هەر هێرشێكی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بۆسەر توركیا، چاودێری هەموو پێشهاتەكان لە نزیكەوە دەكەین و لەوبارەیەشەوە هەموو رێوشوێنێكی پێویست دەگرینە بەر بەرامبەر هەر ئەگەر بوونی هەر هێرشێك''.
- ''ئەگەری هاتنی شەپۆلی نوێی پەنابەران هەیە''
نومان كورتوڵموش باسی لەوە كرد كە ئەگەری هاتنی شەپۆلێكی نوێی پەنابەران لە سووریاوە بۆ توركیا هەیە و رایگەیاند:
"لەم ماوەیەدا لێشاوێكی 600 هەزار كەسی لە پەنابەرانی سووریا بۆتەوە جێی باس كە ئەمە حاڵەتێكی ناخۆش و چاوەڕوان نەكراو بوو. بێگومان ئەوانە هاتوونەتە دەروازەی توركیا. ئامانجی هەنووكەیی و سەرەتایی ئێمەیش، پێشوازی كردن و جێگیركردنی ئەم لێشاوە نوێیەی پەنابەرانە لە دەرەوەی توركیا".
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا جەختی لەوە كردەوە كە هەموو پێشهاتێك لە سووریا لە نزیكەوە كاردەكاتە سەر توركیا و گوتی: ''سنوورێكمان بەدرێژایی ٩١١ كیلۆمەتر لەگەڵ سووریادا هەیە. لەدووریی چەندین هەزار كیلۆمەترەوە هاتوون و بە سووریاوە سەرگەرمن. تەنانەت بە كردەیی لە پێكدادانەكانی سووریادا بەشداری دەكەن. دەبنە لایەنگری نائارامی و پەشێویی لەو وڵاتە. دەبنە لایەنگری دابەشبوون و لەت و پەت بوونی سووریا''.