Muhammet Ali Kemal
27 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2016
سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئێن تی ڤی تورکیدا سەبارەت بە بابەتەکانی رۆژەڤ قسەی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
داودئۆغڵو ئاشکرای کرد لە حەوتی شوباتی ٢٠١٢دا هەوڵدرا راوێژکاری میت هاکان فیدان لە پۆستەکەی لاببرێت و لەو کاتەدا فیدان لە هەوڵی ئەوەدا بووە نهێنییەکانی ئەو پێکهاتەیە ئاشکرا بکات.
ئەحمەد داودئۆغڵو باسی لەوە کرد لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا رووسیا چەندین جاری یەک لەدوای یەک کایەی ئاسمانیی تورکیای بەزاند و جەختی لەوە کردەوە لەدوای ئەو رووداوانە پێویستی گۆڕینی یاسای بەرەنگاربوونەوە هاتە ئاراوە.
سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا ئاشکرای کرد ئەمە بە لایەنی رووسیش راگەیەنرابوو، باسی رووداوەکانی رۆژی ٢٤ی تشرینی دووەم ئەو رۆژەی کە فڕۆکە رووسییەکە خرایە خوارەوەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد ئەو رۆژە خەریکی کارەکانی پێکهێنانی حکوومەت بووە و لە کاتەدا زانیارییەکانی پێگەیشتووە.
داودئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە ئەوەی کە پێویست بووە ئەنجام بدرێت لە چوارچێوەی یاساکانی دەوڵەتدا ئەنجام دراوە و سەبارەت بەجێبەجێکردنی یاساکانی بەرەنگاربوونەوە هیچ کەسێک ناتوانێت بڵێت کە ''کێشەیەک هەیە'' چونکە بەرگریکردنە لە کایەی ئاسمانیی.
ئەحمەد داودئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارێکدا باسی لەوە کرد پێویستە ئەمریکا فەتحوڵڵا گولەن رادەستی تورکیا بکات.