ئەنقەرە
ئەمڕۆ چوارشەممە بارەگای نوێی ناوەندی گشتیی پارتی دیموکراسیی گەلان HDP لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کرایەوە، بەو بۆنەیەوە لە ھەمان شوێن ھەردوو ھاوسەرۆک سەباحەت تونجەل و ئەرتوغروڵ کورکچو و پەرلەمانتاران سڕی سورەیا ئۆندەر و لەوەند توزەل کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان سازدا.
سەباحەت تونجەل گوتی "ئەمڕۆ بەڕێکەوت وا لێرە، لە شوێنی دامەزراندنی کۆماری تورکیا کۆبووینەتەوە، دەگونجێ ئێمە وەک ھەدەپە کە لێرە کۆبووینەتەوە، سەرلەنوێ کۆماری تورکیا ببوژێنینەوە."
ئەرتوغروڵ کورکچوش گوتی "سڕی سورەیا ئۆندەر تا ئێستا تاکە کەسە کە داواکاری بۆ خۆکاندیدکردن بۆ شارەوانیی مەزنی ئیستانبوڵ پێشکەش کردووە. ئەگەر کەسێکی لەو باشتر نەبینینەوە ئەو وەکو تاقانە کاندید بە خەڵکی خۆمان دەناسێنین."
کورکچو رایگەیاند لە ھەڵبژاردنە شارەوانییەکان، لە نزیکەی ٦٠ ناوەند کە لقی پارتەکەیان لێ کراوەتەوە، لە ھەر جێیەک ئاک پارتی و جەھەپە کاندیدیان ھەبێ ئەوانیش کاندید دادەنێن.
ئۆندەر سەبارەت بەو قسەیەی جەھەپە کە گوتبوی "شەرمە ئۆندەر وا دەکا" گوتی "دەبێ گەورەترین شەرم ئەوان بیکەن".
گوتیشی "لەم وڵاتەدا ھیچ حزبێک وەکو جەھەپە نییە کە بەبێ رەنج و کۆشش دەنگی خەڵکانی چەپڕەو قۆرخ بکا، ھیچ حزبێکیش لەم سەر زەوییە بە رادەی جەھەپە مشەخۆر نییە."