باتمان
لە بیست و پێنجەمین کۆبوونەوەی میدیا ھەرێمییەکان لە باتمان کە بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بولەند ئارنچ بەڕێوە چوو، بەڕێوەبەری گشتی AA کەمال ئۆزتورک لە بارەی قۆناغی چارەسەری و میدیای ھەرێمیدا گوتەیەکی پێشکەشکرد.
کەمال ئۆزتورک رایگەیاند AA ئاژانسێکە تەمەنی ٩٣ ساڵە، لە لایەن مستەفا کەمال ئاتاتورک لە ژوورێکی گەراجی شەمەندەفەری ئەنقەرە لەلایەن قارەمانانی شەڕی رزگارییەوە دامەزراوە و ئامانجی گەیاندنی دەنگی ئانادۆڵ و شەڕی رزگاری بە جیھان بووە.
ئۆزتورک گوتی: "لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ وەک AA ھەوڵمان بۆ گەیاندنی دەنگی ئانادۆڵ بە جیھان داوە، بەڵام بەداخەوە ناتوانم بڵێم کە لە ساڵانی رابردوو توانیومانە ئەرکی خۆمان جێبەجێ بکەین. پێش دوو ساڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا پێی راگەیاندین کە AA رێکخراوێکە سەر بە جێگری سەرۆکوەزیرانەوە و سەرۆکوەزیرانی تورکیا بڕیاری داوە وەک حکومەت ھاوکاری و پشتگیری ئەو ئاژانەس بکا و پێویستە بۆ گەیاندنی دەنگی تورکیا بە جیھان دەست بە ھەنگاوی نوێ بکەین. تا دوو ساڵی رابردوو ھیچ جێگا وپێگەیەکی ئاژانسەکەمان لە نێو ئاژانسە جیھانییەکاندا نەبوو. رۆژانە تەنیا ٥٠٠ ھەواڵمان ھەبوو و ئەمەیش داھێنانێکی زۆر کەم بوو. بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەستمان بە پرۆژەی ١٠٠ ساڵەی ئاژانسی ئانادۆڵ کرد و ئامانجمان ئەوەیە لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا ببین بە یەکێک لە ئاژانسە ناودارەکانی جیھان. دەمانەوەێ تا ساڵی ٢٠٢٠ کە سەد ساڵەی دامەزراندنی ئاژانسەکەمانە، بگەینە ئەو ئامانجە. ئێمە توانیومان لە ماوەی دوو ساڵدا بەشێکی زۆر پرۆژەکەمان جێبەجێ بکەین. لە بواری مادیدا حکومەت و وەزارەتی دارایی ھاوکارییەکی باشیان پێشکەشی ئاژانسەکە کرد. توانیمان رۆژانە لە ٥٠٠ ھەواڵەوە بگەینە ھەزار و ٥٠٠ ھەواڵ. پێشتر رۆژانە ٦٠٠ وێنەمان بڵاو دەکردەوە، بەڵام ئەمڕۆ رۆژانە ھەزار و ٢٠٠ وێنە بڵاو دەکەینەوە. لە ھەمووی ئەوانە زیاتر، پێشتر تەنیا بە یەک زمان ھەواڵمان بڵاو دەکردەوە، بەڵام ئەمڕۆ بە شەش زمانی جیاجیا ھەواڵ بڵاو دەکەینەوە."
بەڕێوەبەری گشتی AA لەبەردەوامی قسەکانیدا ھەروەھا گوتی: "ئەمڕۆ وەکو یەکێک لە ئاژانسە سەرەکییەکانی جیھان دەستمان بە رێکخستنی تۆڕی ئاژانسەکەمان کردووە و لە پێنج ناوچەی جیای جیھاندا نووسینگە و نوێنەرایەتی ئاژانسەکەمان کردۆتەوە و دواین نووسینگەی ئاژانسەکەمان مانگی رابردوو لە نیویۆرک لە لایەن جێگری سەرۆکوەزیرانەوە کرایەوە. ئاژانسەکەمان خاوەن نوێنەرایەتییە لە ٤٠ وڵات و لە ٥٥ وڵاتی دیکەیش نووسینگەی ھەیە. لە ١٥ نەتەوەی جیاجیا AA کارمەندی ھەیە."
ئۆزتورک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد یەکێک لەو زمانانە کە ھەواڵی پێ بڵاو دەکەینەوە زمانی کوردییە. لە وڵاتێک کە وشەی کورد قەدەغە بوو ئاژانسی رەسمی دەوڵەت ئەمساڵ بەشی کوردی کردەوە. بەشی کوردی لە مانگی گولانەوە وەکو تاقیکردنەوە دەستیپێکرد و نەتەنیا بە زاراوەی کرمانجی بەڵکو بە زاراوەی سۆرانیش ھەواڵ بڵاو دەکاتەوە. لە ھەولێریش نووسینگەمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ کردەوە و لەو نووسینگەیەیشدا چەندین پەیامنێر و نووسەرمان ھەیە کە بە زمانی عەرەبی، سۆرانی و کرمانجی ھەواڵ ئامادە دەکەن.
ئۆزتورک باسی ئەوەی کرد کە ئاژانسەکە لەگەڵ فەرھەنگی زمانی تورکی و ناوەندی زمانی تورکیدا لە سەر وشەکان پێکەوە کاردەکەن و لە بواری زمانی کرمانجیشدا سەرقاڵی ئامادەکردنی لیتراتۆر یا چوارچێوەیەکی گشتی بۆ ئامادەکردنی فەرھەنگی زمانی کوردی بە ھەر دوو زاراوەی کرمانجی و سۆرانییە و ئەوەیش ھەنگاوێکی زۆر گرنگی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵە. نزیکەی ٢٥ نووسەری کوردیمان ھەیە و رۆژانە ٧٠ ھەواڵ ئامادە دەکەن و یەکێک لە ئامانجەکانی ئێمە ئەوەیە کە لە بواری دابینکردن و ئامادە کردنی ھەواڵ لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان پێش بکەوین.
بەڕێوەبەری گشتی AA ھەروەھا گوتی: " ئێمە نامانەوێ وەکو بازارێکی فرۆشتنی ھەواڵ ھەڵسوکەوت بکەین. زمانی کوردیش وەکو زمانەکانی دیکەی جیھان زمانێکی گرنگە و ئاژانسی ئانادۆڵیش گرنگی پێ دەدا. ئەگەر ئەمڕۆ سەردانی خواردنگەی ئاژانسی ئانادۆڵ بکەین ئەوا دەبینین کە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، بۆشناکی و ئینگلیزی قسە دەکرێ. ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە کەشوھەوایەک فەراھەم بکەین کە وەک ١٠٠ ساڵی پێش ئێست مرۆڤەکان لە ئاشتی و تەباییدا پێکەوە بەبێ ھیچ جۆرە جیاوازییەک ژیان بەسەر بەرن، بۆ ئەو مەبەستە تا ئێستا AA ھەوڵێکی زۆری داوە و بەردەوام دەبێ لە ھەوڵەکانی. دەمانەوێ لە داھاتوودا بە ١٠ زمان ھەواڵ ئامادە بکەین و دەمانەوێ ببینی یەکێک لە ئاژانسە گرنگەکانی جیھان. کردنەوەی بەشی زمانی کوردی لە لایەن ئاژانسی ئانادۆڵەوە ھەنگاوێکی گرنگی ئاژانسەکەمان بوو بۆ پشتگیری کردن لە پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا."
ئۆزتورک بە زمانی کوردی کۆتایی بە قسەکانی خۆی ھێنا.