دیاربەکر (AA)
گولتان کشاناک ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (BDP) گوتی" دەکرێ زمانی فەرمیی بەڕێوەبەریی ناوەندی تورکیا تورکی بێ بەڵام دەبێ خەڵک لە ھەڵبژاردنی زمانی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاریی ناوچەیییەکاندا ئازاد بێ.
کشاناک لە کۆنفرانسی (بەڕێوەبەرایەتییە ناوچەییەکان لە بەرقەرارکردنی ئاشتیدا)دا کە لەلایەن یەکێتیی شارەوانیەکانەوە سازکرابوو گوتی" پرسی کورد لە تورکیا بە مۆدێلی بەڕێوەبردنی ھەرێمی، ناوچەیی، چارەسەر دەبێت، بڕوا بەوە دەکەین کە بەم رێگایە ئاشتی دێت، بۆیە بەم شێوە سیاسەت دەکەین"
کشاناک ئاماژەی بەوەدا "رۆلی دەوڵەتی نەتەوەیی لە مێژوویی مرۆڤایەتیدا زۆر درێژ نییە، ئەم شێوە سیستمە مرۆڤ ئازار دەدا. دەمانەوێ سیستمی خۆڕێبەریی ناوچەیی بە تورکیا بناسێنین، تا ئەمە نەکرێ ھەر بەو حاڵە دەمێنین"
کشاناک گوتی، زمانی فەرمیی تورکیا تورکییە بەڵام زمانی کوردی ئەگەر فەرمیش نەبێ ئێستا بەکردەوە لە لە فەرمانگە فەرمییەکانی دیاربەکر، ھەکاری، شرناخ و وان ھەر بەکار دێ.
ھەروەھا گوتی " بەڕێز سەرۆکوەزیر دەڵێ (ئایدیۆلۆژی سک تێر ناکات، ئێوە واز لەو سیاسەتە کوردپەرستییە بێنن و پشتگیری پارتی ئێمە بکەن) ئەمە چ جۆرە قسەیەکە، واتە دەڵێ (واز لە زمان، کەلتوورو باوەڕی خۆت بێنە چونکە ئەمە کوردچێتیی سیاسییە، وا مەکە بەیعەت بە من بدە، من تێرت دەکەم). ئیتر ئەمە نابێ. کەسێک ناتوانێ بە سووکایەتیکردن بەو کەسانەی داوای رێزلێگرتن لە زمان و کەلتووری خۆیان دەکەن، بەھیچ بگا".
ئۆسمان بایدەمیر سەرۆکی شارەوانیی گەورەی دیاربەکریش سپاس و دەستخۆشیی ئاراستەی بەشداربووان کرد کە لە ھەرێمەکانی کاتالۆنیا، باسک، ھەروەھا لە ئێرلاندا و ھۆڵەندا و وڵاتانیتری ئەوروپاوە ھاتبوون.
دواتر بەشداربوان ھەریەک لە (جۆن ئەندۆنی لێکو ئێگورێن) بەرپرسی کارورباری دەرەوەی ھەرێمی باسک، جەمیل سافییە سەرۆکی دەستەی ئاشتی لوبنان، پرۆفیسۆری یاریدەدەر (ئایتەن وئویساڵ) مامۆستا لە زانکۆی دۆکووز ئەیلولی ئیزمیر، (موزاففەر کوتای) سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی دیگۆری پارێزگای قارس، نوسەر مستەفا سۆنمەز و (ئەندرایس پیتەر ھەیدەما) سەرۆکی شارەوانی (دەڤەنتەر) قسەیان کرد.