سلێمانی
لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا کە لەڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەو حزبەوە بڵاو کراوەتەوە، سەرەتا مەکتەبی سیاسی (ی،ن،ک) پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکات بەبۆنەی سەرکەوتنی ھەڵبژاردنەکان و بەسەرکەوتنی پرۆسەیەکی گرنگی دیموکراسی باسکردووە.
مەکتەبی سیاسی نیگەرانی خۆی لەئەنجامە بەراییەکان نەشاردەوە" ئەو ئەنجامە بەراییانە بۆ یەکێتی جێی نیگەرانین و دڵخۆشکەر نین و ھاوتای مێژوو و پێگەی یەکێتی نین لە تێکۆشانی خۆیدا، بەڵام ئەنجامەکان وەک پەیامێک بەجدییەوە وەرئەگرێ، تەئکیدیشی کردەوە کە لە بەرامبەر ھەڤاڵان و دڵسۆزانی یەکێتیدا، تەواوی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ ئەگرێ".
"ھاوکات لەھۆکارە جۆراوجۆرەکانی ئەو ئەنجامانە ئەکۆڵێتەوە و بەراوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی سەرکردایەتی و کادرانی پێشکەوتوو و شارەزایانی دۆستی یەکێتی، وێڕای لێکۆڵینەوە و ھەڵسەنگاندنی جدی و روون، بەشێواز و میکانیزمەکانی کارکردن و بەڕێوەبردن، بە بەرنامە و کەرەسەکانی کارکردن، بە ئەرکی بەرپرسیارێتییەکانی ناو یەکێتیشدا ئەچێتەوە".
لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە مەکتەبی سیاسی ی ن ک جەختی کردەوە کە یەکێتی رێز لە ئیرادەی گەلەکەمان ئەگرێ و پێیەوە پابەند ئەبێ.
بڕیارە لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەدا ئەنجومەنی سەرکردایەتی ی ن ک بۆ ھەمان مەبەست کۆببێتەوە.