Kaan Bozdoğan
07 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 08 مای,س 2023
ئیستانبوڵ - AA
کاندیدی پۆستی سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر بە سەرکۆمار هەڵبژێردرا ئەوا بە دانایی، زانیاری، ئەخلاق و چاکە تورکیا بەڕێوەدەبات و رایگەیاند: ''هیچ جیاکارییەک ناکەین. بەڵێنم بەڵێنە بۆ ئەم وڵاتە، بەهار و خۆشگوزەرانی دەهێنم. هەمووان لە ئامێز دەگرین، هیچ کەس بێ بەش ناکەین''.
کەمال کڵچدارئۆغڵو لە میانی بەشداریکردنی لە گردبوونەوەی جەماوەریی هاوپەیمانی میللەتدا کە لە گۆڕەپانی چالاکی ماڵتەپە سازکرا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر هەڵبژێردرێت ئەوا لە وڵاتدا هیچ منداڵێک بە برسێتیی نانوێت، بەڵێنی دا کە هەژاریی نامێنێت، کارەبا، ئاو و غازی ماڵان نابڕێت، تورکیا دەکات بەهەشت و هەمووان لە ئاسوودەییدا دەژین.
سەرۆکی گشتیی جەهەپە باسی لەوە کرد کە بەبێی ئەوەی هیچ کەسێک پشتگوێ بخرێت دەبێتە سەرکۆماری ٨٥ ملیۆن کەس و بە ماف، یاسا و دادپەروەریی خزمەت پێشکەش دەکات.
کەمال کڵچدارئۆغڵو باسی لەوە کرد کە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کەس لە ئیستانبوڵ بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن و گوتی: ''ئێوە حکوومەتێکی تاکڕەو بە رێگای دیموکراسیی دەگۆڕن. بەمەیش دیارییەکی گرنگ پێشکەش بە مێژووی سیاسیی جیهان دەکەن نەک تەنیا بە مێژووی سیاسیی ئێمە. ئەم شکۆمەندییە بەسە بۆ ئێوە''.
سەرۆکی گشتیی جەهەپە هەروەها باسی لەوە کرد هەرکاتێک بەیەکەوە خەبات کرا، هەموو کێشەیەک لە تورکیا چارەسەر دەبێت و گوتی: ''دەوڵەتی کۆماری تورکیا رادەستی یەک کەس ناکەین. کەس ئەو قسانە پەسەند ناکات کە لە دەمی یەک کەسەوە دەردەچێت. بەیەکەوە ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەین. بە دانایی، زانیاری، ئەخلاق و چاکە بەڕێوەی دەبەین. هیچ جیاکارییەک ناکەین. بەڵێنم بەڵێنە بۆ ئەم وڵاتە، بەهار و خۆشگوزەرانی دەهێنم. هەمووان لە ئامێز دەگرین، هیچ کەس بێ بەش ناکەین''.