Muhammed Gencebay Gür
24 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2023
ئیستانبوڵ - AA
دوای کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەی لە بەشی مانەوەی کڵێسای سورپ پیرگیچ-ی ئەرمەنە کاسۆلیکەکان لە ناوچەی کاراکۆی کەوتەوە، تەرمی کەسێکی دیکە لە میانی هەڵمەتی گەڕاندا دۆزرایەوە، بەوەیش ژمارەی ئەو کەسانەی لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە دوو کەس.
قایمقامی بەیئۆغڵو، مستەفا دەمیرەلی بەیاوەری رێبەری روحیی کۆمەڵەی ئەرمەنە کاسۆلیکەکان لە تورکیا، لیڤۆن زەکیان سەردانی ناوچەکەی کرد و زانیاری سەبارەت بە کارەکانی گەڕان و رزگارکردن وەرگرت.

مستەفا دەمیرەلی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کرد، بە هۆکارێک کە هێشتا دیار نییە لە بەشی مانەوەی کڵێسای سورپ پیرگیچ-ی ئەرمەنە کاسۆلیکەکان ئاگر کەوتووەتەوە و گوتی: ''تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەخێرایی دەستیان کرد بە کارەکانی کوژاندنەوەی ئاگرەکە. لەئێستادا تیمەکان کارەکانی ساردکردنەوە ئەنجام دەدەن''.
گوتیشی: ''لە دوای رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە، دوو هاووڵاتیمان خۆیان رزگارکردووە و دووانی دیکەش لەلایەن تیمەکانەوە رزگارکراون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە باری تەندروستییان تێکچووە، بەڵام رەوشیان باشە. بەپێی ئەو زانیارییەی لە کارمەندانی کڵێساکەوە وەرگیراوە، دوو کەس بێ سەروشوێنن. نازانرێت لە ناوەوەن یان دەرەوە، دوای کارەکانی ساردکردنەوە دەست بە کارەکانی گەڕان دەکرێت. سەرەخۆشی لە کۆمەڵەی ئەرمەنە کاسۆلیکەکان و دانیشتوانی ناوچەکە دەکەم''.

دوای کارەکانی ساردکردنەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەستیان کرد بە کارەکانی گەڕان و پشکنین لەو شوێنەی ئاگرەکەی لێکەوتبووەوە.
لە میانی کارەکاندا، تەرمی کەسێک دۆزرایەوە و تیمەکانی لێکۆڵینەوەش گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بەشدارییان لە کارەکانی گەڕاندا کرد و تەرمی کەسێکی دیکەش دۆزرایەوە، بەوەیش ژمارەی ئەو کەسانەی لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە دوو کەس.
