/ Yusuf Aydın Deniz Rewa Mahmut Hasan
29 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2015
گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا و یاریدەدەری سەرۆکوەزیران نومان کورتوڵموش لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مێزی ئەنقەرەی کەناڵ ٢٤ی تورکی وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە رۆژڤی دایەوە.
سەرەتا کورتوڵموش لەبارەی هێرشەکەی دیاربەکرەوە کە بووە هۆی گیان لەدەست دانی سەرۆکی ژووری پارێزەرانی دیاربەکر تاهیر ئەلچی، ئاماژەی بەوە دا کە ئاشکراکردنی تەواوی وردەکارییەکانی رووداوەکەی دیاربەکر بەرپرسیارێتییەکی گرنگی حکوومەت دەبێت و رایگەیاند کە ٤ چاودێر و ٩ پارێزەریان تەرخان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و لە شەوی رابردووەوە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.
کورتوڵموش ئاگەداری هەموولایەکی کردەوە کە "هەر کەسێک زانیارییەکی لایە بیگەیەنێتە دەستی ئەو کەسانەی لێکۆڵینەوەکان بەڕێوە دەبەن و رایگەیاند کە هیچ لایەنێک دوودڵ نەبێت و ئەنجامەکەی هەرچییەک بێت، رووداوەکە روون دەکەنەوە بۆ خەڵک و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان روون دەکەنەوە کە ئایا تاهیر ئەلچی بەهۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان چەکدارانی پەکەکە و پۆلیس گیانی لەدەست داوە یان تیرۆر کراوە".
کورتوڵموش هەروەها گوتی: "لەو دۆخەی بە مردنی ئەلچی و شەهیدبوونی دوو پۆلیس هاتۆتەئاراوە، میللەت بەزمانی برایەتی و ئاشتی قسە دەکات. بکەرانی ئەم کردەوانە، ئەوانەی ئەو شەڕ و پێکدادانانە دەنێنەوە، خوازیارن شەڕی کورد و تورک دەست پێ بکەن. دەیانەوێت ناکۆکی بخەنە نێو تاکەکانی کۆمەڵگەوە بەڵام با کەس بەخۆڕایی دڵی خۆی خۆش نەکات، ئێمە بە برایەتی و ئاشتی لەم خاکەدا دەژین".
ناوبراو دوایین گوتەکانی ئەلچی بیری هەموو لایەک هێنایەوە ە ئاماژەی بە خواستی ئەوان کرد بۆ ئاشتی و گوتی: "ئەوەی لێرەدا کراوەتە ئامانج، ئاشتییە، دوایین گوتەکانی تاهیر ئەلچی زۆر گرنگن".
کورتوڵموش رایگەیاند کە ئەوان وەک حکوومەت ئەرکیان ئەوەیە ماف و شەرەفی کوردەکان لە تورکیا بپارێزن.