Abdullah Shukur
29 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2015
بەمەبەستی وەرگرتنی تەرمی ئاڵچی، جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری، سێزگین تانریکۆڵو، سەرۆکی شارەوانی گەروەی دیاربەکر، گوڵتەن کشەناک سەرۆکی یەکێتیی پارێزەرانی تورکیا، مەتین فەیزیئۆغڵو و بەشێک لە پەرلەمانتارانی ھەدەپە لە پێش دەرگەی نەخۆشخانەی سەڵاحەدین ئەییوبی ئامادە بوون.
ھاوکات لە دوای وەرگرتنی تەرمی ئاڵچی، لافیتەیەک بە ھەڵگرتنی وێنەی ناوبراو بە زمانی کوردی و تورکی رستەی "تۆ لەبیر ناکەین" لەلایەن چەند کەسێکەوە ھەڵگیرا.
بەم پێیەش تەرمی ئاڵچی بردرا بۆ مۆنۆمێنتی مافەکانی مرۆڤ لە شارۆچکەی باغلار ئەو شوێنەی کە رێوڕەسمەکەی تێدا بەڕێوە چوو. لە پاڵ ئەمەشدا ھاوسەرۆکی گشتیی ھەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش، لەو شوێنە گوتارێکی پێشکەش کرد و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی ماڵباتی ئاڵچی کرد.
دەمیرتاش گوتی: "کەسێک کە ژیانی بۆ ئاشتی، دیموکراسی، ئازادی، برایەتی تەرخان کردبێت چۆن لە قۆناغی ئێستا، ژیانی لە نێو جێگەی گەرم کۆتایی دێت. رێگەی گشت خۆشەویستانی ئاشتی بەم شێوەیەیە. خوا ژیانێکی بەم شێوەیە و مردنێکی بەم شێوەیە بە ھەموومان ببەخشێت. گرنگ ئەوە نییە کە چۆن دەکوژرێین، گرنگ ئەوەیە چۆن دەژین".
"بەدڵنیایەوە ئاشتی بۆ ئەم خاکە دێت ئێمە ئەوە دەزانین"
دەمیرتاش زیاتر گوتیشی: "بەدڵنیایەوە ئاشتی بۆ خاکەکەمان دێت ئەمە دەزانین، پێداگریش دەبین لەمە. دواگوتەکانی ئاڵچی ئاڵای ئاشتییە بۆ ئێمە. ئێمە شەڕ و خوێن و مردنمان نەویست. تەنھا ویستمان بە ئاشتی لە خاکی خۆمان بژین".
دەمیرتاش راشیگەیاند کە مافی ژیان بەو کەسانە نادرێت کە راستییەکان دەدرکێنن. ھاوکات گوتیشی: "پێویستە کەسانێک راستییەکان بڵێت. بە شاردنەوەی راستییەکان ناتوانین بە ھیچ شوێنێک بگەین. ئەمەش پێویستی بە ئازایەتی و قوربانیدانە".
دەمیرتاش ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆ ماڵئاوای لە ئاڵچی دەکەن و راشیگەیاند کە ئەوان دڵخۆشن بەوەی کە ئێستا ھەزاران دۆستیان لە کورد و تورک ھەیە.
دەمیرتاش لە درێژەی گوتەکانیدا لەبارەی کوژرانی ئاڵچی گوتی: "ئەمانەت و میراتی ئاڵچی بارێکی قورسە بەڵام گەلەکەمان ئەم بارە قورسە ھەڵدەگرێت و بەرپرسیارێتی مێژوویی لەبیر ناکات. ئێمە بەرەنگاریمان بەردەوام دەبێت. ئێمە نەماندەویست بەم شێوەیە بێت و لە پێش تابوتەکەی تاھیر ئاڵی گوتار پێشکەش بکەین".
لەلایەکی دیکەشەوە تورکان ئاڵچی ھاوسەری تاھیر ئاڵچی رایگەیاند کە ھاوسەرەکەی ئەو چووەتە ریزی ئەو کەسانەی کە لەلایەن بکوژانی نادیارەوە، کوژراون.
راشیگەیاند کە ئاڵچی لەلایەن ئەو کەسانەوە پێشوازی لێ دەکرێت کە لەلایەن بکوژرانی نادیارەوە گیانیان لەدەست داوە. ئەو درێژەی دایە و گوتی: "ئەوان لە تاھیر ئاڵچی دەپرسن "تاھیر ئاڵچی تۆ ھاتیت. ئایا قارەمانانی وەک تۆ تا ئێستا ماوە، تۆ بەرگری لە ئێمەت کرد ئەی کێ بەرگری لە تۆ دەکات؟".
تورکان ئاڵچی بە زمانی ھاوسەرەکەیەوە گوتی: "مێژوو لەمن تێدەگات. ماڵئاوا لەم رۆژنامە و کەناڵانەی کە لە من تێنەگیشتن. ئەو کەسانەی کە نەیانویست لە من تێبگەن. ماڵئاوا لەو کەسانەی کە منیان خۆشدەویست".