Muhammet Ali Kemal
18 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2016
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم بەشداریی لە ئێوارە خوانێکی بەربانگدا کرد کە لەلایەن لێپرسراوی رێکخستنەکانی ئاک پارتی لە ئەنقەرە، سازکرابوو.
لە گوتەیەکدا لەدوای ئێوارە خوانەکە، یڵدرم رایگەیاند "لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئاک پارتیدا هەریەک لە حکوومەتەکان ژمارەیەک رێوشوێنی گرتووەتە بەر کە لە ئاستی ریفۆرم و چاکسازیدا بوون و ئەو شۆڕشە بێدەنگانەش کە بووەتە هۆی ئەوەی چەندین ساڵ تورکیا بەرێتە پێشەوەو ببێتە مایەی دڵخۆشیی گەل، لە ئەنقەرەوە ئامادەکراوە".
- ''پیرۆزترین ماف مافی ژیانە''
بینالی یڵدرم باسی لەوەکرد کە تورکیا لەسەر ئاستی ناوچەکە بەرپرسیارێتی گرنگی دەکەوێتە سەرشان و، گرژی و ئاڵۆزییەکان و شەڕی ناوخۆ لە وڵاتانی دەورووبەریشی لە ئاستێکی بەرزدایە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاشكرای کرد کە ئەم دۆخە بووەتە مایەی ناڕەحەتی ئەوان و دواتر ئاماژەی بەوە کرد کەلەدوای ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پەکەکە بەتایبەت لە خۆرهەڵات و باشووری خۆرهەڵاتی وڵات دەبنە هاوبەشی ئەو ناڕەحەتییانەی بەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچانەدا هاتووە و هەوڵ دەدەن ئازارەکانیان کەمبکەنەوە و رایگەیاند:
''لێرەدا دووبارە ئاک پارتی جیاوازیی نیشان دا. لەڕێگەی پرۆژەی پردی دڵان و شارە براکانەوە، لاوان و گەنجان یەکتر دەبینن و گفتوگۆ دەکەن. لەو رێگەیەوە هەموو شارە گەورەکانمان وەک ئەنقەرە، ئیستانبوڵ، کۆجائەلی، بورسا، قۆنیا، کایسەری، هاووڵاتییانمان بەدرێژایی مانگی رەمەزان لەگەڵ هاووڵاتییانماندا لە باشووری خۆرهەڵات پێکەوە دەبن. هەموو کارێک لەدەستیان بێت ئەنجامی دەدەن بۆ ئەوەی ئازارەکانی ئەوان کەمبکەنەوە. با گەلەکەمان دڵنیا بێت لەوەی سبەینێ باشتر و جوانتر دەبێت لەمڕۆ. ئینشائەڵڵا ئاک پارتی بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو رێگە پیرۆزەی گرتوویەتییە بەر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ٢٠٢٣ و لەوبارەیەوە هەنگاوی پتەو و درووست دەنێت''.