Mücahit Türetken,Adem Demir,Abdullah Shukur
09 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2019
ئیستانبوڵ - AA
کاندیدی ئاک پارتی بۆ سەرۆکایەتی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ، بینالی یڵدرم لەبارەی بەکارھێنانی وشەی "کوردستان" لە دیاربەکر گوتی: "وشەی کوردستان وشەیەکە کە مستەفا کەمال ئەتاتورک پێش دامەزراندنی کۆمار، بۆ ئەو نوێنەرانە بەکاری ھێناوە کە بە مەبەستی بەشداری جەنگی سەربەخۆیی لە ناوچەکەدا ھاتوون. قسەکەی منیش پەیوەستە بەمەوە. ھەموو ئەو خەڵکانەی لە بستێک خاکی ئەم وڵاتە دەژین ئەوا ھاووڵاتی پلە یەکی ئێمەن. باھیچ کەسێک ھەوڵی جیاکردنهوهی کوردەکان نەدات. ئێمە وەک گۆشت و ئێسک واین".
یڵدرم بەشداری لە "٤٨ەمین فێستیڤالی نان و پەنیر" لە دارستانی بەڵگرادی شاری ئیستانبوڵ کرد و باسی لە ھەڵبژاردنی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ لە ٢٣ی حوزەیران کرد.
بینالی یڵدرم لەبارەی بەکارھێنانی وشەی "کوردستان" لە دیاربەکر و لێکدانەوەی جیاواز لەمبارەیەوە گوتی: "پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستییە و ئەوەی گومانی لەوەدا ھەیە با کاردانەوەی خۆی نیشان بدات. وشەی کوردستان وشەیەکە کە مستەفا کەمال ئەتاتورک پێش دامەزراندنی کۆمار، بۆ ئەو نوێنەرانە بەکاری ھێناوە کە بە مەبەستی بەشداری جەنگی سەربەخۆیی لە ناوچەکەدا ھاتوون. قسەکەی منیش پەیوەستە بەمەوە. ھەموو ئەو خەڵکانەی لە بستێک خاکی ئەم وڵاتە دەژین ئەوا ھاووڵاتی پلە یەکی ئێمەن. ھیچ کەسێک ھەوڵی جیاکردنهوهی کوردەکان نەدات. ئێمە وەک گۆشت و ئێسک واین. ئێمە لە یەکتر جیا نابینەوە. ھەزاران ساڵە لەم خاکەدا پێکەوە ژیاوین و ھاوچارەنووس بووین. ئێمە یەکگرتوو دەبین و برای یەکتر دەبین. لە ژێر ئاڵای مانگ و ئەستێرە (توركیا) سەربەخۆ و ئازاد دەژین".