ئیستانبوڵ - AA
لە یاریی چوونی جامی سوپەری ئیسپانیادا، یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگای خۆی، بە ئەنجامی ٣-١ لە یانەی بارسێلۆنای بردەوە.
یارییەکە لە یاریگای نوکامپ لە نێوان ریال مەدریدی پاڵەوانی خول و بارسێلۆنای براوەی جامی شادا، بەڕێوەچوو.
گێمی یەکەمی یارییەکە بە بێ تۆمارکردنی هیچ گۆڵێک کۆتاییهات، بەڵام لە خولەکی ٥٠ی گێمی دووەمدا جیرارد پیکێ، بە تۆمارکردنی گۆڵێکی لە یانەکەی خۆی، ریال مەدریدی بە گۆڵێک خستە پێشەوە و ئەنجامەکە بووە ١-٠.
لە خولەکی ٧٧دا، دوای ئەوەی یانەی بارسێلۆنا لێدانێکی سزای بەدەست هێنا، لیۆنێل میسی چووە سەر تۆپەکە و بە گۆڵێک ئەنجامەکەی بۆ یانەکەی یەکسان کردەوە.
پاشان کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە لە خولەکی ٥٨دا لە جێگەی کەریم بنزیما، هاتە نێو یاریگاوە لە خولەکی ٨٠دا، بە شووتێک لە دەرەوەی ناوچەی سزاوە گۆڵی دووەمی بۆ یانەی شاهانە تۆمار کرد، بە هۆی ئەوەش کە درێسەکەی داکەند، کارتێکی زەردی وەرگرت.
دواتر و لە خولەی ٨٢دا، بە بیانووی ئەوەی بە ئەنقەست خۆی بە زەویدا داوە، رۆناڵدۆ کارتی سووری وەرگرت و یاریگای جێهێشت. بەو شێوەیەش یانەی ریال مەدرید بە ١٠ یاریزانەوە، درێژەیان بە یارییەکە دا.
بەڵام سەرەڕای کەمبوونەوەی ژمارەیان لە خولەکی ٩٠دا، مارکۆ ئەسێنسیۆ لە رێگەی لێدانێکی توندەوە، گۆڵی سێیەمی بۆ یانەی شاهانە تۆمار کرد و ئەنجامەکەی کردە ٣-١.
ئەو ئەنجامە بۆ یانەی ریال مەدرید ئەنجامێکی زۆر باشە و ئەرکێکی کەمتریان لە یاریی گەڕانەوەدا کە بڕیارە کاتژمێر ٠٠:٠٠ شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بەڕێوەبچێت، دەکەوێتە سەرشان.