ئاوامێدیكا، ده‌رمانی هەرێمی كوردستان له هه‌ولێره‌وه به‌ره‌و جیهان
- به‌ڕێوه‌به‌ری به‌بازاڕكردن له ئاوامێدیكا جوان به‌هرام ده‌ڵێت "خه‌ریكی به‌رهه‌مهێنانی 80 جۆر ده‌رمانی دیكه‌ین و عێراق سوپاسی كردووین بۆ كوالیتیی به‌رهه‌مه‌كانمان".
Arbil
ئاوامێدیكا چیرۆكی به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمانه له هه‌رێمی كوردستانه‌وه، باوكێك و كچه‌كه‌ی به یارمه‌تی ستافێكی 150 كه‌سی ده‌یانه‌وێت به‌رهه‌مه‌كانی كوردستان بگاته ئه‌وسه‌ری جیهان.
له نزیك گه‌وره‌ترین نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌ولێر "رزگاری" كارگه و كۆمپانیایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی دروستكردن و به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمان هه‌یه كه سه‌ر به كه‌رتی تایبه‌ته و باوكێك و كچێك رۆڵی سه‌ره‌كییان له دامه‌زراندنی ساڵی 2009دا هه‌یه و له‌گه‌ڵ ستافێكدا ده‌یانه‌وێت به‌رهه‌مه‌كانییان نه‌وه‌ك به ته‌نها له هه‌رێمی كوردستان و عێراق، به‌ڵكو به‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری جیهاندا بفرۆشرێت و برانده‌كه‌یان پتر په‌ره پێبده‌ن.
ئاوامێدیكا ناوی ئه‌و كۆمپانیایه كه له ساڵی 2009 له لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێم، نێچیرڤان بارزانی كراوه‌ته‌وه. له مانگی كانوونی دووه‌می ساڵی دواتر یه‌كه‌مین به‌رهه‌می ئەو کاگەیە كه‌وتووه‌ته ده‌رمانخانه‌كانه‌وه و له‌وێ كاته‌وه تا ئێستا ده‌یان گرێبه‌ست و ته‌نده‌ری دابینكردنی ده‌رمانییان هه‌یه گرنگترینییان گرێبه‌ستێكه له‌گه‌ڵ گه‌وره كۆمپانیایه‌كی جیهانی بۆ به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمانی چاره‌سه‌رکردنی نەخۆشی شێرپه‌نجه.
كارگه‌كه و كۆمپانیاكه به نزیك به 150 كه‌س به‌ڕێوه‌ده‌چێت، رێژه‌ی 15 له‌سه‌دی ئه‌و ستافه بیانیین. له گه‌ڕانماندا به‌نێو كۆمپانیایه‌كه‌دا مۆركێكی جیهانی به پشكنینه‌كان و پارێزگارییه‌كان و به‌رهه‌مه‌كان هه‌ر له پرسگه‌وه تا ژووری به‌ڕێوه‌به‌ر و دواتریش، ده‌بینرێت.
جوان به‌هرام ره‌سول كچی خاوه‌نی كۆمپانیاكه‌یه و به‌ڕێوه‌به‌ری به بازاڕكردنی ئه‌م شوێنه‌یه، پڕۆفیسۆر دكتۆر به‌هرامی باوكی، پسپۆڕی پزیشكییه و شاره‌زاییه‌كی ده‌یان ساڵه‌ی له بواره‌كه‌ی خۆیدا هه‌یه، به هاوبه‌شی به‌شداریی له داهێنانی قه‌تره‌ی چاره‌سه‌ری بۆ نه‌خۆشی گلوكۆما كه یه‌كێكه له نه‌خۆشییه‌كانی چاو كردووه، ئه‌و مامۆستای زانكۆی ئۆپسالا بووه له سوید، به‌ڵام له ساڵی 2004 بۆ دامه‌زراندنی ئه‌م كۆمپانیایه گه‌ڕاوه‌ته‌وه هه‌رێمی كوردستان.
جوان به‌هرام ره‌سول له هه‌فپه‌یڤینه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ده‌ڵێت "ئاوامیدیكا بۆ حه‌وت ساڵ ده‌چێت ده‌رمان و به‌رهه‌مه‌كانی له بازاڕدا هه‌یه، نزیكه‌ی 140 جۆر ده‌رمان به‌رهه‌م ده‌هێنرێن و نزیكه‌ی 80 جۆری دیكه‌ش له پای پڵاینه واته خه‌ریكن بیانخه‌نه بازاڕه‌كانه‌وه، ئه‌وه جگه له سێ لاینی دیكه‌ش كه له ساڵی 2018 به‌رهه‌می ده‌هێنن".
سه‌باره‌ت به جۆری ئه‌و ده‌رمامانه‌شی كه كۆمپانیاكه‌یان به‌رهه‌می ده‌هێنێت، جوان به‌هرام ره‌سول گوتی: "ئه‌و ده‌رمانانه‌ی ئه‌مڕۆ به‌رهه‌می ده‌هێنین، تابلێت (حه‌ب)، كه‌پسول، شرووب، درای پاوده‌ر، مه‌رهه‌م و كرێم و جێل، هه‌روه‌ها له داهاتوودا و به دیاریكراوی له ساڵی 2018دا، ده‌ست پێ ده‌كه‌ین به شاف"ته‌حامیل" و قه‌تره‌ی چاو و لووت و گوێ و ده‌رزی (ئه‌مپول)".
جوان به‌هرام ره‌سول هه‌روه‌ها هێما بۆ ئەو نه‌خۆشییانه‌ش ده‌كات كه ده‌رمانه‌كانی ئه‌وان وه‌كو به‌شێك له چاره‌سه‌ر له‌وباره‌یه‌وه به‌كاردێت و ده‌شڵێت "بۆ زۆرینه‌ی نه‌خۆشییه‌كان ده‌رمانمان هه‌یه و به‌رهه‌می ده‌هێنن، له‌نێویاندا بۆ نموونه ده‌رمانی پێویست بۆ نه‌خۆشییه درێژخایه‌نه‌كانی وه‌كو شه‌كره و فشار، واته ئه‌و ده‌رمانانه‌ی زۆر گرنگن و خه‌ڵك زۆر به‌كاریان ده‌هێنن وه‌كو شرووبی منداڵ، ئازار، شرووبی ئه‌نتی بایۆتیك".
له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا جوان به‌هرام رسول ده‌ڵێت "به‌و لاینانه‌ی ئێستا هه‌مانه ساڵانه 150 ملیۆن پاكه‌ت به‌رهه‌م ده‌هێنین، لاینه نوێیه‌كانیش ده‌توانن 110 ملیۆن پاكه‌تی دیكه‌مان بۆ زیاد بكه‌ن، واته له ساڵی 2018 ده‌توانیین زیاتر له 260 ملیۆن پاكه‌ت به‌رهه‌م بهێنین".
سه‌باره‌ت به‌و گرێبه‌سته‌شی هه‌یانبوو بۆ به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمانی تایبه‌ت به شێرپه‌نجه ده‌ڵێت "ئێستاش گرێبه‌سته‌كه هه‌یه و ماوه، به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی كه داعش هات و شه‌ڕ بوو ئیدی ئه‌و كۆمپانیایه واته سۆنه‌وفی هه‌موو كاره‌كانییان له كوردستان و عێراق راگرت، به‌ڵام گرێبه‌سته‌كه هێشتا ماوه و هه‌موو بازاڕی ئه‌و ده‌رمانانه‌ی ئه‌و كۆمپانیا هه‌یبوو هه‌موویان راگرت، ئه‌گه‌ر بارودۆخ باشتر بێت ئه‌وكات ده‌ستی پێده‌كه‌ینه‌وه".
- "له 2018 ده‌رمانی زیاتر ده‌فرۆشینه وڵاتان"
جوان به‌هرام رسول شاره‌زایی له بواری ماركێتینگ و ده‌رمانسازی هه‌یه، ئه‌و خاوه‌نی 11 ساڵ ئه‌زموونه له ئاژانسی به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمان له سوید، له‌و چاوپێكه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه كاری زیاتر بۆ هه‌نارده‌كردنی ده‌رمانی كۆمپانیاكه‌یان بۆ وڵاتانی دونیا به‌تایبه‌ت ئه‌ورووپا ده‌كه‌ن، ئه‌و له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت "له رووی كوالیتییه‌وه به‌رهه‌مه‌كانی ئێمه هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه، ئێمه ئێستا ده‌رمانمان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش ناردووه، ئێمه كه ئه‌م كارگه‌یه‌مان دامه‌زراند و له‌م كارگه‌یه ده‌ستمان پێكرد ته‌نها مه‌به‌ستمان ئه‌وه نه‌بوو ده‌رمان بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌رهه‌م بهێنین، به‌ڵكو له پلانماندا بوو ده‌رمان بنێرینه ده‌ره‌وه و ئێستاش به‌و قۆناغه گه‌یشتووین، بۆیه به‌نیازین به‌تایبه‌ت له ساڵی 2018دا ده‌رمانی زیاتر بنێرینه ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌ڵام له‌و وڵاتانه یاسا هه‌یه ده‌بێت بێین بۆ كارگه‌كه‌مان و پشكنین بۆ كارگه‌كه بكه‌ن له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌نیازن ده‌رمانی ئێمه بكڕن، یه‌كێك له‌و وڵاتانه وڵاتێكی ئه‌ورووپی بێت، به‌ڵام به هۆی بارودۆخی ئه‌منییه‌وه ده‌یانگوت كوردستان ئێستا مه‌ترسیداره و ناتوانن بێین، به‌ڵام هیوادارین بارودۆخه‌كه باشتر بێت ئه‌و كات له ئه‌ورووپاوه دێن پشكنینی ئێره ده‌كه‌ن و ئیتر ده‌رمانی ئێمه ده‌كڕن".
زیاتریش ده‌ڵێت "ئێستا له رێگه‌ی كۆمپانیایه‌كی سودییه‌وه ده‌رمان بۆ ئه‌فریقا ده‌نێرین، گرێبه‌ستمان له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌ك له دانمارك هه‌یه، هه‌روه‌ها گرێبه‌ستمان له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌ك له ئوردن هه‌یه، گرێبه‌ستمان هه‌یه ده‌رمان بۆ ئه‌فغانستان بنێرین، بۆیه گرێبه‌ستمان له‌گه‌ڵ چه‌ند وڵاتێك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رمانیان بۆ بنێرین، به‌ڵام له هه‌موویان گرنگترینییان ئه‌ورووپا و ئوردنن، ئه‌وان مەرجی قورسیان هەیە له پێدانی ره‌زامه‌ندی به كۆمپانیا بۆ كڕینی ده‌رمان".
وه‌كو تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو گه‌ڕانێكی ته‌واومان به‌سه‌ر زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری به‌شه‌كانی كارگه‌كه‌دا كرد، دروستكردنی ده‌رمان كه بۆ نه‌خۆش به‌كاردێت له سه‌ره‌تاوه تا خستنه‌نێو پاكه‌ته‌وه بینی، هه‌ر له تۆزه‌وه تا گه‌یشتنی به‌ده‌ستی به‌كاربه‌ر.
جوان به‌هرام ره‌سول له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌دیاریكراوی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هێشتا وه‌كو پێویست مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ناكه‌ن و ده‌رمانییان لێ ناكڕن بۆ ئانادۆڵو ده‌ڵێت "ده‌بێت سیسته‌م هه‌بێت له هه‌رێمی كوردستان، ئێستا له وڵاتانی ده‌ورووبه‌رمان سیسته‌مێكیان هه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌رهه‌مێك له‌ناوه‌وه دروست بكرێت و له رووی كوالیتییه‌وه باش بێت ئه‌وا ناهێڵن به‌رهه‌می دیكه له‌و بابه‌ته بێته ناوه‌وه، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان ئه‌م سیسته‌مه نییه، بۆیه هه‌رچی كه‌سێك بیه‌وێت هه‌ر ده‌رمانێك بهێنێت ده‌یهێنێت و به كوالیتی كۆنتڕۆڵدا ده‌یبات یان ده‌رده‌چێت یان ده‌رناچێت، ئه‌مه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه. هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه وه‌كو كۆمپانیایه‌كی ناوخۆ ئه‌گه‌ر گرنگیی زیاترمان بده‌نێ، خه‌ڵكی زیاتر داده‌مه‌زرێنین و ده‌توانیین به‌رهه‌م زیاد بكه‌ین و هه‌مه‌جۆری بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان سیسته‌م نییه، بۆیه ئێمه كێشه‌مان هه‌یه. له هه‌ولێر و له سلێمانی و له دهۆك سیسته‌مه‌كان جیاوازن و ئیدی ئه‌گه‌ر یه‌ك سیسته‌م نه‌بێت هه‌ركه‌س به‌كه‌یفی خۆی بڕیار ده‌دات و ده‌رمان ده‌كڕێت".
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "نه‌خێر، ئه‌وان ئه‌و سیسته‌مه‌یان نییه له‌گه‌ڵ هیچ كۆمپانیایه‌ك بۆ ده‌رمان كڕین، ئه‌وان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ كوالیتی ئێمه نییه، ته‌نها سیسته‌مه‌كه كێشه‌ی هه‌یه، ده‌توانن وه‌كو به‌غدا بیكه‌ن ئه‌وه‌نده زه‌حمه‌ت نییه، له‌باره‌ی نرخه‌كانی ئێمه‌شه‌وه نرخی گونجاون، چونكه له كوردستان كوالیتی زۆر باش و زۆر خراپ هه‌یه، نا‌توانیین بڵێین له هه‌ندێك گرانترین و له هه‌ندێك هه‌رزانترین، به‌ڵام كه له به‌غداوه ته‌ندره‌مان ده‌درێتێ واته گونجاوه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی كوالیتی باشه".
گوتیشی: "وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی پێشتر وتیان نرختان گرانه، به‌ڵام وا نییه، پێمانگوتین بچن به‌راورد بكه‌ن، چوون و ده‌رچوو گوتیان ئاوامێدیكا گرانتر نییه، دواتر وتییان ده‌بێت وه‌كو كیمادیا بیده‌ن به ئێمه، ئێمه‌ش هه‌ر رازی بوویین، به‌ڵام دواتر ده‌نگییان نه‌ما".
سه‌باره‌ت به عێراقیش ده‌ڵێت حكوومه‌تی عێراق به‌رده‌وامه له كڕینی ده‌رمانه‌كانی ئه‌وان و وه‌كو كۆمپانیایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی نه عێراقی ته‌ماشایان ده‌كه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری ماركێتینگی ئاوامێدیكا ده‌ڵێت "ئێستا عێراق وا نییه، كۆمپانیای كیمادیا ته‌نده‌ر راده‌گه‌یه‌نێت و كێ بیه‌وێت و بتوانێت دابینی بكات ئه‌وا ده‌یكات و ناوه‌ندییه، واته به نموونه هه‌مووی سیسته‌م كراوه، یه‌كه‌م شت نیوه‌ی پاره‌كه‌ت ده‌ده‌نێ، دوای ئه‌گه‌ر ده‌رمانه‌كانت پێ گه‌یاندن ئه‌وا پاره‌كه‌ت هه‌موو ده‌ده‌نێ، ئێستا عێراق له كوالیتییدا وه‌كو كۆمپانیایه‌كی بیانی و نێوده‌وڵه‌تی حسابمان بۆ ده‌كه‌ن، وه‌كو عێراقی یان كوردستانی سه‌یرمان ناكه‌ین، به باش سه‌یرمان ده‌كه‌ن و سێ‌جار سوپاسیان كردووین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به كوالیتی باش ده‌رمان دروست ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ش شانازییه، بۆیه ئه‌گه‌ر كوالیتی ئێمه باش نه‌بایه ئه‌وا كۆمپانیایه‌كی وه‌كو سانۆفیش گرێبه‌ستییان له‌گه‌ڵ ئێمه نه‌ده‌كرد".
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه جوان به‌هرام رسول ده‌ڵێت هێشتا گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق به‌رده‌وامه، زۆر لێی رازین، ئیشكردن له‌گه‌ڵیاندا خۆشه به پێی قسه‌كانی ئه‌و، چونكه وه‌كو ئه‌و ده‌ڵێت شته‌كان به پێی سیسته‌م و ته‌ندره‌كان ده‌ڕوات و كێشه نییه، ده‌زانن ساڵانه چه‌ند ده‌فرۆشنن و چه‌ند مه‌وادیان ده‌وێت. ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات ساڵی 2016، بڕی 50 ملیۆن پاكه‌تیان بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق دابینكردووه.
- "به‌زیاده‌وه ده‌توانیین ده‌رمانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكه‌ین"
به‌ڕێوه‌به‌ری به بازاڕكردن له كۆمپانیای ئاوامێدیكا له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس له‌و مادده سه‌ره‌تاییانه ده‌كات كه بۆ دروستكردنی ده‌رمان هاورده‌ی ده‌كه‌ن و رایده‌گه‌یه‌نێت "مه‌وادی سه‌ره‌تایی له چه‌ند وڵاتێكی جیاوازه ده‌هێنین، چونكه كۆمپانیا زۆرن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ده‌بێت DMF هه‌بێت واته" Drug Master File" كه ئه‌مه‌ی هه‌بوو واته له‌سه‌ر ستانداری جیهانییه، بۆیه ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌بێت نایهێین، بۆیه گرنگی به كوالیتی ده‌ده‌ین ده‌بێت ئه‌وه‌ی هه‌بێت، واته ده‌بێت یان له ئه‌مریكا یان ئه‌ورووپا ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر هه‌بێت، كۆمپانیا گه‌وره‌كانی جیهانیش له‌و شوێنانه‌وه ئه‌و ماددانه ده‌كڕن كه ئێمه لێیانده‌كڕین، بۆیه له هیندستان، دانمارك، ئه‌مریكا و وڵاتی دیكه‌ش به پێی ئه‌وه‌ی له كوێ باشترین جۆره".
جوان به‌هرام رسول ده‌شڵێت ئه‌وان له توانایاندا هه‌یه ده‌رمانی هه‌موو هه‌رێمی كوردستان به‌زیادیشه‌وه دابین بكه‌ن، له‌و رووه‌وه رایده‌گه‌یه‌نێت "به‌ڵێ له توانای ئێمه به‌زیادیشه‌وه هه‌یه ده‌رمانی هه‌موو هه‌رێمی كوردستان دابین بكه‌ین، ئێمه ته‌نها پێنج ملیۆن كه‌سمان هه‌یه، له‌و ده‌رمانانه‌ی دروستی ده‌كه‌ین زۆر زیاتره له‌وه‌ی پێویسته".
ئه‌و گله‌یی له‌وه‌ش ده‌كات له هه‌رێمی كوردستاندا هێشتا ده‌رمانی خراپ له بازاڕه‌كاندا هه‌ن، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت "كێشه‌ی ده‌رمانمان له زۆر بواره‌وه زۆره، ده‌رمانی خراپ و باشیش دێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كوالیتی كۆنتڕۆڵ له جاران باشتر ئیش ده‌كات خه‌ریكه سیسته‌مێك دروست ده‌بێت، به‌ڵام زۆر جار ده‌ڵێین ده‌رمان ئیكسپایه‌ر سوتێندراوه، ئێمه كێشه‌ی ئه‌مه‌مان نییه، كێشه‌ی ده‌رمانی خراپه كه ده‌بێت بازاڕ پاك بكرێته‌وه، ده‌رمانه‌كه سوودی بۆ نه‌خۆش هه‌بێت، ره‌نگه كه‌سانێك به هۆی ده‌رمانی خراپه‌وه بمرن، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه، بۆ نرخیش نرخ كێشه‌ی هه‌یه بازاڕ ئازاده".
له كۆتایی قسه‌كانیدا له‌درێژه‌ی هه‌فپه‌یڤینه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو جوان به‌هرام رسول ده‌ڵێت ئومێد ده‌كه‌ن كه هه‌رێمی كوردستان پتر بایه‌خ به به‌رهه‌می ناوخۆ و كۆمپانیای ناوخۆ بدات ئه‌گه‌ر كوالیتییان باش بێت، ده‌شڵێت ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بایه‌خی پتر به به‌رهه‌مه‌كانییان بده‌ن ئه‌وا ئه‌وان ده‌توانن پتر خه‌ڵكی بێ كار دابمه‌زرێنن و گه‌شه‌ی زیاتر به كۆمپانیاكه‌یان بده‌ن و خزمه‌تی زیاتری خه‌ڵك و نه‌خۆش بكه‌ن.
ده‌شڵێت کە گرنگتر له لای ئه‌وان له ده‌رمان فرۆشتن نه‌خۆشه، پێشی وایه ئه‌گه‌ر كوالیتیی به‌رهه‌مه‌كانییان نزم بایه و بۆ كڕینی ده‌رمان كۆمپانیا گه‌وره‌كانی دونیا گرێبه‌ستییان له‌گه‌ڵدا ناكه‌ن.