Mustafa M. M. Haboush
07 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2024
غەززە ــ AA
لە ئاکامی زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوەڕاستی کەرتی غەززە و شاری غەززە، ژمارەیەک فەڵەستینی کوژران و برینداربوون.
چەند سەرچاوەیەکی پزیشکی بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕاگەیاند کە ژمارەیەک خانوو لە کەمپی بوریج و ناوەڕاستی کەرتی غەززە، لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگی ئیسرائیلەوە بۆردومان کراون و لە ئاکامدا، سێ فەڵەستینی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ھاوکات شایەتحاڵەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕایگەیاند کە لە ئاکامی بۆردومانکردنی خانوویەک لە کەمپی نوسەیرات ناوەڕاستی کەرتی غەززە، حەوت فەڵەستینی برینداربوون.
ھەر لەوبارەیەوە ژمارەیەک سەرچاوەی پزیشکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەیان بەوەدا کە خێوەتێکی ئاوارەکان لە گۆڕەپانی نەخۆشخانەی "شەھیدانی ئەقسا" لە شاری دێر بەلەح ناوەڕاستی کەرتی غەززە، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە و لە ئاکامدا، چوار کەس برینداربوون.
ھەروەھا چەند سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی مەعمەدانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسیان لەوە کرد کە لە ئاکامی بۆردومانکردنی خانوویەک لە گەڕەکی تفاح ڕۆژھەڵاتی شاری غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، یەک فەڵەستینی کوژراوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ھاوکات شایەتحاڵەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕایانگەیاند کە خانوویەک لە ناوچەی سەفتاوی باکووری شاری غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە و لە ئاکامدا، ژمارەیەک فەڵەستینی کوژراون و برینداربوون.
ھەر لەوبارەیەوە ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، سوپای ئیسرائیل ژمارەیەک سەکۆی ئاراستەکردنی مووشەکی لە سەرتاسەری کەرتی غەززە، بۆردومان کردووە.
ئەمەش ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، یەک ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە تێپەڕ دەبێت کە لە ئاکامدا تا ئێستا، دەیان ھەزار کەسی مەدەنی کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەتن، بوونەتە قوربانی.