Heman Hussein Yaseen
15 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2020
هەولێر - AA
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی داوا دەکات ئەوانەی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، بەهانای ئەو نەخۆشانەوە بچن کە پێویستییان بە وەرگرتنی پلازمای خوێن هەیە.
سامان بەرزنجی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیوویەتی "یەکێک لە ھێڵەکانی چارەسەرکردن بۆ نەخۆشانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بریتییە لە وەرگرتنی پلازمای خوێنی کەسێکی چاکبووەوە لەم نەخۆشیە، لەئیستادا ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشەکان بەتوندی تووشبوون و پێویستیان بە پلازما ھەیە".
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی داوایشی لە چاکبووەکان کردووە سەردانی سەنتەرەکانی بانکی خوێن بکەن بۆ بەخشینی پلازما و نووسیوویەتی "تکایە ئەوانەی چاکبوونەتەوە و ٢٨ رۆژیان تێپەڕکردووە لە یەکەم رۆژی دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە، سەردانی سەنتەرەکانی بانکی خوێن بکەن بۆ بەخشینی پلازما، بەم بەخشینە خزمەتێکی مرۆڤدۆستی و خێرێکی گەورە تۆماردەکەن".
ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە پارێزگاکانی هەرێم گەیشتووەتە نۆ هەزار و ٨٧٦ کەس و لەو ژمارەیەش پێنج هەزار و ٤٠٤ کەس دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست نەخۆشخانەکانیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان و ٣٥٢ کەسیش گیانیان لەدەستداوە و ئەوانەیشی ئێستا لە نەخۆشخانەکان چارەسەری پزیشکی وەردەگرن بریتیین لە چوار هەزار و ١٢٠ کەس.