Ozhin Jolla
07 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2020
کەرکووک - AA
کاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ، ئاگر لە کۆگایەکی دەرمانی نەخۆشخانەی گشتی کەرکووک کەوتەوە و کۆگاکە بە تەواوی سووتا.
جێگری فەرماندەی لیوای ٦١ـی تایبەت، عەقید روکن عەممار عەبدولزەھرا بە ئاژانسی ئانادۆڵۆی راگەیاند ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە و جگە لە زیانی ماددیی هیچ زیانیکی گیانی نەبووە.
لای خۆیەوە بەڕێوبەری گشتی تەندروستی کەرکووک، زیاد خەلەف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "ئەو کۆگایەی سووتاوە، بۆ دەرمان تەرخان کرابوو، بڕێک دەمامک و ئامێری پشکینی کۆرۆنا و چەند جورێکی دیکەی دەرمانی تیادابوو".
زیاد خەلەف راشیگەیاند بە هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و کارەبا توانرا ئاگرەکە کونتڕۆڵ بکرێت.
نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک یەکێکە لە نەخۆشخانە گەورەکانی شاری کەرکووک و لە ئێستادا تایبەت کراوە بە چارەسەرکردنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
بەڕێوبەری گشتی تەندروستی کەرکووک، ئاماژەی بەوە کرد کە سووتانی ئەو کۆگایە کاریگەری لەسەر دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا نابێت و سبەی دەرمانی پێویست دەگەیەننە نەخۆشخانەکە.
کۆگای دەرمان لە نەخۆشخانەی گشتی کەرکووک لە باڵەخانەیەکی دیکەدایە لەناو نەخۆشخانەکە، و بەهۆی ئەوەی رێگەی گەیشتنی ئاگرکوژێنەوەکان نەبوو بۆ کۆنتڕۆلکردنی ئاگرەکە، تیمەکان ناچاربوون بە رووخاندنی دیواری بەشێک لە کۆگاکە، و توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، و جیایە لەو باڵەخانەیەی کە بەشی فریاکەوتن و بەشەکانی دیکەی نەخۆشخانەکانی تێدایە کە نەخۆشەکان تێیدا چارەسەر وەردەگرن.