Bayram Altuğ
12 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2020
جنێڤ - AA
سەرۆکی گشتی رێکخراوی تەندروستی جیھانی، تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس لە شاری جنێڤ-ی سویسرا لە ڕێی ڤیدیۆکۆنفڕنانسەوە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست.
گیبریسۆس، ئەوەی ئاشکرا کرد کە رێکخراوەکە بۆ دابینکردنی پێکوتی دژەکۆرۆنا بۆ ئەو وڵاتانەی پێویستی زۆریان بە پێکوت ھەیە ٤،٣ ملیار دۆلار کورتھێنانی ھەیە، داواشی لە وڵاتانی جیھان کرد ھاوکاربن لە دابینکردنی پێکوتدا.
ناوبراو باسی لەوەش کرد کە تا ئێستا ١٨٩ وڵات بەشداری پڕۆگرامی نێودەوڵەتی دابینکردنی پێکوتی دژەکۆرۆنایان کردوە، لە چوارچێوەی پڕۆگرامەکەشدا یەک ملیار قوتو پێکوت بۆ وڵاتانی خاوەن داھاتی کەم و مامناوەند تەرخاندەکرێت.
گیبریسۆس، بەبێ ناوھێنانی کۆمپانیاکانی دەرمان ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ بەرھەمھێنەرانی پێکوتی دژەکۆرۆنا لە پەیوەندی بەردەوامدان و خۆشحاڵی خۆشی لە خێرایی کۆتاییھاتنی کارەکانی تایبەت بە پێکوتەکە دەربڕی.