Hemn Baban
16 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2016
رێكخراوی تەندروستی جیهانی چاوەڕوانی هاتنی سەدان هەزار ئاوارە دەكات لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی مووسڵ كە پێشبینی دەکرێت 250 هەزاریان روو لە هەولێر بكەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسی هەرێمی رێكخراوی تەندروستی جیهانی(WHO) لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، عەلا عەلوان هاوڕێ لەگەڵ شاندێكی رێكخراوەكە و وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوت حەمەڕەشید سەردانی كەمپی دیبەگەی سەربە قەزای مەخموور لە نزیك شاری هەولێر كرد و پاشان سەردانی نەخۆشخانەیەكی گەڕۆک لە كەمپەكە كرد كە نزیكەی 40 كیلۆمەتر لە شاری هەولێرەوە دوورە.
دوای سەردانەكەی بۆ نەخۆشخانە گەڕۆكەکە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێم گوتی: "پێشتر لە كۆبوونەوەكانماندا لەگەڵیان و لەگەڵ یەكێتی ئەورووپا گوتوومانە بارگرانییەكی زۆر لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە بەهۆی بوونی نزیكەی یەک ملیۆن و 700 هەزار ئاوارە، بۆیە پێمان گوتن كە پێویستمان بە یارمەتیی زیاترە، پێویستمان بەوەیە مووچەی بەشێك لە فەرمانبەران دابین بكەن، پێویستمان بە پاڵپشتیی و ئەمبوڵانس و پێداویستی پزیشكی و دەرمان هەیە، هەروەها پێمان راگەیاندن ئەگەر شەڕەكان بەردەوام بن لەگەڵ نزیكبوونەوەی رزگاركردنی مووسڵ چاوەڕوانی سەدان هەزار ئاوارەی دیكەش دەبین و ئەوەیش قورسایی دروست دەكات".
گوتیشی: "بەیانی كۆبوونەوەمان لەگەڵ چەند لایەنێكی خێرخواز هەیە بۆئەوەی یارمەتیی وەزارەتی تەندروستی بدەن و بتوانیین پێداویستییە تەندروستییەكان دابین بكەین، بەتایبەت ترسمان لەبڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆلێرا هەیە، بەتایبەت ئێستا وەرزی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكەیە، بۆیە پێویستمان بەوە هەیە جیهان یارمەتیمان بدات".
بەرپرسی هەرێمی رێكخراوی تەندروستی جیهانی(WHO) لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، عەلا عەلوان كە بێ ئەوەی سەردانی هیچ خێوەتێكی ئاوارەكان بكات راستەوخۆ دوای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە كەمپەكەی بەجێ هێشت و بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: "ئەمڕۆ مەبەستمان بوو لەبارەی ژیانی ئاوارەكانەوە بزانیین بەتایبەت لەڕووی تەندروستییەوە و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەماهەنگی دەكەین لەپێناو دابینكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەكییەكان.
گوتیشی: "رێوشوێنی پێویست بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی یەكێكە لەو پرسانەی کە مەبەستمانە قسەی لەسەر بكەین، بەردەوام كاتێك ژمارەیەكی زۆر ئاوارە لە شوێنێك دەبن مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆلێرا و ئیفلیجی منداڵان و نەخۆشییەكانی پێست هەیە و ئێستا بەشێكییان هەن، ئەوانەی لە ناو مووسڵن مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیانەیان لێ دەكرێت".
لە درێژەی قسەكانیدا نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ، گوتیشی: "گرنگی بە مەسەلەی ئاویش دەدەین كە تا چی رادەیەك خاوێنە، ئەگەر ئاو پیس بێت ئەوا مەترسی بڵاوبوونەوەی چەند نەخۆشییەكی دیاریكراو هەیە وەكو كۆلێرا، بۆیە جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە، هاوكات دەبێت هەموو خێزانێك منداڵەكانیان لەدژی نەخۆشییەكان ڤاکسین بدەن".
گوتیشی: "هەوڵ دەدەین ئەوەی بتوانیین لە خزمەتگوزاری تەندروستی دابینی بكەین لە ئۆتۆمبیلی ئەمبوڵانس و نەخۆشخانەی گەڕۆک و دەرمان و پێویستی پزیشكی".
دکتۆر عەلا عەلوان لە درێژەی قسەكانیدا روونی كردەوە "كێشەی گەورەمان كەمی ئەو سەرچاوانەیە كە دەستمان دەكەوێت، ژمارەی ئاوارەكان كە زۆرن و ئەوانەیشی پێشبینی دەكەین مەترسیی گەورەن، ئێمە چاوەڕوانی ژمارەیەكی زۆر دەكەین لەماوەیەكی زۆر كەم ئاوارە بێن، دەبێت پارەی زۆرمان لەبەردەست بێت بەتایبەت لە چەند هەفتە و مانگی داهاتوو".
هەروەها باسی لەوەیش كرد كە رێكخراوەكەیان پلانێكیان هەیە و دەستیان پێكردووە بۆ دابینكردنی پێداویستی تەندروستی، ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد کە مەسەلەی ڤاکسیندان بۆ ئاوارەكان زۆر پێویستە، سەرباری خزمەتگوزاری تەندروستی دیكەش، ئەو گوتیشی: "پلانەكە بەو شێوەیەیە هەموو منداڵانی ئاوارەكان لە هەموو كەمپەكان ڤاکسین بدرێن، تەنانەت لەو كەمپانەشی كە لە قۆناغی بونیادناندان، لەكاتی گەیشتنی ئاوارەكان ئەو ڤاکسیندانە ئامادە دەكرێت".
وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دکتۆر رێككەوت حەمەڕەشید لە وەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەنووساندا تیشكی خستە سەر پەیوەندیی نێوان وەزارەتی تەندروستی لە حكوومەتی هەرێم و ناوەند و گوتی: "پەیوەندییمان باشە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق، پێشتر گوتوومانە دەرمان و پێداویستی دەگات، بەڵام ئەو دەرمان و پێویستییانە بەرێژەی 40 بۆ 45 لەسەد پێداویستمان پڕدەكاتەوە و چەند جارێك داوای پاڵپشتیی زیاترمان كردووە، هەماهەنگییمان هەیە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق، بەڵام پێشبینی ئاوارەی زیاتر دەكەین و چاوەڕوانی هاوكاریی زیاتریشین".
گوتیشی: "رێكخراوی WHO بەپێی پلانێك مووسڵ و ئەو ئاوارەنەیشی كە چاوەڕوان دەكرێت بێن كردووە بە چوار بەشەوە، بە نموونە چاوەڕوان دەكرێت بەتەنها بۆ شاری هەولێر نزیكەی 250 هەزار ئاوارە، هەروەها 75 هەزار ئاوارەیش بۆ زوممار و بۆ شوێنی دیكەش دەچن".