Recep Şakar
09 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2020
مێلبۆرن - AA
سەرۆکوەزیرانی نیو زیلاند، جاسيندا ئاردێرن رایگەیاند، لەوەتەی کۆتا حاڵەتی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە یەکی ئایارەوە تۆمارکرا تا ئێستا کە سەد رۆژ دەکات لە ئەنجامی ئەو پشکنینانەی لە وڵاتدا کرا هیچ حاڵەتێکی نوێی تووشبوون بە پەتاکە تۆمارنەکراوە.
رادیۆی نیو زیلاند بڵاوی کردەوە، جاسيندا ئاردێرن سەبارەت بەوەی وڵاتەکەی سەد رۆژی بەڕێ کردووە کە تیایدا هیچ حاڵەتێکی نوێی تووشبوون بە پەتاکە تۆمار نەکراوە لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کردووە کە ئەو سەرکەوتنەی تۆماریان کردووە هەڕەشەی شەپۆلی دووەمی پەتاکەی کەم کردووەتەوە.
جاسيندا ئاردێرن جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەو سەرکەوتنەی وڵاتەکەی دژبە پەتای کۆرۆنا بەدەستی هێناوە هیچ وڵاتێک تۆماری نەکردووە، بەڵام پێویستە خەڵکی رێوشوێنەکانی دژبە ڤایرۆسەکە پشتگوێ نەخەن و گوتی: ''بەڵێ سەد رۆژ کاتێکی باشە، بەڵام ئەو رەوشە هیچ مەترسییەک کەم ناکاتەوە کە مەترسییەکی رۆژانەیە. لەم جیهانەدا کە پەتاکە لە زیادبووندایە بەدڵنیایییەوە مەترسیی بەردەوامە''.
سەرۆکوەزیرانی نیو زیلاند، جاسيندا ئاردێرن ئەوەی وەبیرهێنایەوە ئەو حاڵەتانەی تووشبوون کە ئێستا لە وڵاتەکەیدا هەیە هەمووی سەرچاوەی تووشبوونیان دەرەوەی وڵات بووە، لەبەرئەوە نیو زیلاند هێشتا سنوورەکانی زۆر بەوریاییەوە بەڕێوەدەبات، ئاگاداری ئەوەیشی دا کە پێویستە خەڵکی هۆشیاربن.
جاسيندا ئاردێرن لە لێدوانێکیدا لە ٢٧ی نیسانی رابردوودا ئاماژەی بەوە کرد کە جەنگی دژبە کۆرۆنایان بردووتەوە، بەپێی دوایین ئامار لەنێو پێنج ملیۆن و ١١ هەزار کەسی دانیشتوانی ئەو وڵاتە دوایین حاڵەتی تووشبوون بە پەتاکە سەد رۆژ لەمەوبەر لە یەکی ئایاردا تۆمارکرا.
هاوکات بەڕێوەبەری تەندروستیی گەلی نیو زیلاند، ئاشلی بلومفیڵد باسی لەوە کرد کە لە میانی چوار رۆژی رابردوودا، پشکنینی کۆرۆنا بۆ نزیکەی ١٦ هەزار کەس کراوە و هیچ حاڵەتێکی تووشبوون تۆمار نەکراوە.
یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە نیو زیلاند لە ٢٨ی شوباتدا تۆمارکرا، بەپێی ئەنجامی ٤٩٤ هەزار و ٤٨١ پشکنین کە لەسەرتاسەری ئەو وڵاتدا ئەنجامدراوە لە کۆی هەزار و ٥٦٩ تووشبوو هەزار و ٥٢٤ کەسیان چاکبوونەتەوە و ٢٢ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.