Hemin Hüseyin
22 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2016
کەرکووک - AA
لە گوندی یارمجەی سەربە قەزای لەیلان لە پارێزگای کەرکووک ژمارەیەک چەکداری داعش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو ناوچەیە گەماڕۆدرابوون و دواتر هەوڵیانداوە رابکەن بەڵام کەتوونەتە ناو بۆسەیەکی هێزە ئەمنییەکان و تەواوی چەکدارەکان کوژراون.
ئەمڕۆ لە گوندی یارمجەی سەر بە قەزای لەیلان لە باشووری پارێزگای کەرکووک شەڕ لە نێوان چەکدارانی داعش و هێزە ئەمنییەکانی ئەو ناوچەیە رووی دا و دواتر چەکدارانی داعش هەوڵیانداوە رابکەن بەڵام کەتوونەتە ناو بۆسەیەکی هێزە ئەمنییەکان و لە ئەنجامدا تەواوی چەکدارەکان کوژراون کە ژمارەیان 11 تیرۆریست بوو.
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەکانی کەرکووک، عەمید سەرحەد قادر لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ ژمارەیەک چەکداری داعش لە گوندی یارمجەی سەربە قەزای لەیلان لە باشووری کەرکووک خۆیان حەشاردابوو، دواتر شەڕو پێکدادان لە نێوان ئەو گرووپە و هێزە ئەمنییەکان رووی دا بەڵام لە کاتی هەڵاتنیان کەوتنە ناو بۆسەیەکی هێزە ئەمنییەکان و لە ئەنجامدا سەرجەمیان کە ژمارەیان 11 تیرۆریست بوو، کوژران".
عەمید سەرحەد قادر گوتیشی: "لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا 4 پۆلیس بریندار بوون و تەرمی ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش گواستراونەتەوە چونکە تەواوی تەرمەکان پشتێنەی بۆمبڕێژکراویان پێووە بەسترا بوو".
هەر بەپێی زانیارییەکانیش لە ئێستادا قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە شاری کەرکووک راگەیەنراوە.
دوای ئەوەی دوێنێ هەینی چەکدارانی داعش لە چەند قۆڵێکەوە ھێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە رۆژئاوای کەرکووک و توانییان خۆیان بگەیەننە ناو باڵەخانەی پێشووی پۆلیسی کەرکووک و دواتریش چەند چەکدارێک گەیشتنە ناو وێستگەی کارەبای قەزای دووبز و شەڕ لە نێوان ھێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی داعش رووی دا و بەو ھۆیەوەشەوە ژمارەیەک ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون.