Mazın Asad
13 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2016
واشنتۆن
سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما لە گوتەیەکی لە رێوڕەسمی ماتەمینی بۆ ئەو پێنج پۆلیسەی کە لە ئەنجامی ھێرشێکەوە لە شاری دالاس کوژرابوون، بانگەوازی یەکێتی و بەیەکەوەژیانی کرد و گوتی: "لە پێناو رەتکردنەوەی بێ ئومێدی و جەختکردنەوە لەسەر دابەش نەبوونمان لێرەم".
ئۆباما بەشداری لە رێوڕەسمی ماتەمینی لە ناوەندی مارتۆن مایارسۆن سەنفۆنی کرد و تێدا گوتەیەکی پێشکەش کرد.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی رۆژانی سەخت بەسەر دەبات و لەکاتی قسەکانیدا بۆ ماوەیەک گریا و راشیگەیاند پۆلیسانەکان لە ھێرشەکەدا نەترساون و بە بوێرانە ھەڵوێستیان نیشان داوە.
ئۆباما خۆپێشاندانەکانی وڵاتەکەی دوای کوژرانی دوو رەشپێستەکە وەبیرھێنایەوە و رایگەیاند ئەمە مافێکی رەوای خۆیانە بەڵام ھێرشی چەکداری بەھیچ شێوەیەک شەرعییەت بەو کارەکە نادات.
سەرۆکی ئەمریکا روونیشی کردەوە کە لە پێناو دەربازبوون لە رەوشی ئەم دواییەی وڵاتەکەی، داوای لە بەرپرسان کرد بە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و گوتیشی: "لە پێناو رەتکردنەوەی بێ ئومێدی و جەختکردنەوە لەسەر دابەش نەبوونمان لێرەم".
ھاوکات ئۆباما جەختی لەوە کردەوە کە لەم ساڵانەی دواییدا بەشداری زۆرێک لە رێوڕەسمی ماتەمینی لە وڵاتەکەی کردووە و ئاگاداری گشت ئەو کێشانەشە کە روو دەدات و بوونی کێشەی لە سیستمی داد و سزا قبووڵ کرد.
لە رێوڕەسمەکەدا ژمارەیەک لە نوێنەرانی ئایینە جیاوازەکان نزایان بۆ ئەو قوربانیانە خوێندەوە و تێدا ھەریەک لە ھاوسەری ئۆباما و جێگری سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن و ھاوسەرەکەی و سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جۆرج دەبلیو بوش و ھاوسەرەکەی بەشدارییان کرد.
دوای رێوڕەسمەکە ئۆباما و بایدن لەگەڵ خێزانی ئەو پۆلیسانەی کە کوژران، کۆبوونەوە.
میکاە جۆنسۆنی بکەری ھێرشەکەی شاری دالاس کە بەھۆیەوە پێنج پۆلیس کوژران و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون، پێشتر لە سوپای ئەمریکا سەرباز بووە.
کوژرانی پێنج پۆلیس لە شاری داڵاس، دوای ھێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر خوێناویترین ھێرشە کە لە ئەمریکا بەرامبەر بە پۆلیس کرابێت.