Hakan Çopur
20 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2021
واشنتۆن - AA
پۆلیسی کۆنگرێسی ئەمریکا، کە دوای جێھێشتنی ئۆتۆمبیلێک لە جۆری پیکاب کە گومانی ئەوەی لێ دەکرا بۆمبی تێدا بێت، کەوته حاڵەتی ئامادەباشییەوە و باڵەخانەکانی دەوروبەری کۆنگرێسيان چۆڵ کرد، رایگەیاند، گومانلێکراوەکەی ناو ئۆتۆمبیلەکە ئەوەی گوتووە کە بۆمبى لە دەستدایە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە پۆلیسی کۆنگرێسی ئەمریکا لە تویتەر بڵاوی کردووەتەوە، ھێزەکانیان بەھۆی جێھێشتنی ئۆتۆمبیلێک لە جۆری پیکاب لە نزیک کتێبخانەی کۆنگرێس کەوتوونەتە ئامادەباشییەوە.
ھێزە ئەمنییەکان بە ھۆی گومانی بوونی ماددەی تەقینەوە لە نێو ئۆتۆمبیلەکەدا، بەپەلە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بە ھۆکاری ئەمنیی باڵەخانەکانی چواردەوریان چۆڵ کردووە.
بەرپرسی پۆلیسی کۆنگرێس، تۆماس مانگەر، لە روونکردنەوەیەکدا لەسەر رووداوەكە ئاماژەی بەوە کردووه، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە و پەیوەندییان لەگەڵ گومانلێكراوەكەدا ئەنجامداوە.
تۆماس مانگەر ئاشكراشی كرد، پۆلیس شتێکیان لە شێوەی فتیلی بۆمب بە دەست گومانلێکراوەکەوە بینیوە و لەکاتی پەیوەندیی کردن پێوەی ئەوەی گوتووە کە "بۆمب لە دەستیدايە". هاوكات ناوی گومانلێکراوەکەی ئاشکرا نەکرد.
مانگەر ئاماژەی بەوەش کرد كە دانوستانەکان لەگەڵ گومانلێکراوەکەدا بەردەوامە و گوتی: "دانوستکارەکەم، ئەوەی لە دەستی بێت دەیکات بۆ چارەسەرکردنی رووداوەکە بەشێوەیەکی ئاشتییانە".
ئەوەش راگەیەندرا کە ھیچ دانیشتنێک لە کۆنگرێسدا نەبووە و پۆلیس رێڕەوى ئەمنیی فراوانی درووست کردووە.