Muhammet Ali Kemal
23 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2016
- "سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکانی برۆکسل ئەو پەیامەی کە دەبێت لە رووداوەکەوە وەریگرین ئەوەیە کە ئەو ئاگرەی لە سووریا هەیە دەبێت بکوژێنرێتەوە و چارەسەرێکی سیاسیی بۆ قەیرانەکە بدۆزرێتەوە''.
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا ستافان دی مستورا رایگەیاند بۆ ئەوەی خێرایی بدرێتە كۆبوونەوەكانی جنێڤ لەبارەی سووریاوە پێویستیان بە هاوكاریی ئەمریكا و رووسیایە.
دی مستورا لەچوارچێوەی هەفتەی دووەمی كۆبوونەوەكانی جنێڤ، لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دانوستانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كۆبوویەوە.
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكەوە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند كە هیوادارە ئەو كۆبوونەوەكەی نێوان هەریەك لە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری و وەزیری دەرەوەی رووسیا سیرگێی لاڤرۆڤ لە مۆسكۆ، سوودێكی هەبێت بۆ پرۆسەی دانوستاندنەكانی جنێڤ.
ستافان دی مستورا راشیگەیاند ''پێویستمان بە هاوكاریی ئەمریكا و رووسیایە. هیوامان وایە كۆبوونەوەكەی مۆسكۆ كۆبوونەوەیەكی بەسوود بێت بۆ ئەوەی بتوانین درێژە بە دانوستانەكان بدەین و قۆناغی راگوزەری سیاسیی بە وردەكارییەكانییەوە تاوتوێ بكەین''.
سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەكانی برۆكسل دی مستورا رایگەیاند ''ئەو پەیامەی كە دەبێت لە رووداوەكەوە وەریگرین ئەوەیە كە ئەو ئاگرەی لە سووریا هەیە دەبێت بكوژێنرێتەوە و چارەسەرێكی سیاسیی بۆ قەیرانەكە بدۆزرێتەوە''.