واشینتۆن
گوتەبێژی كۆنسەی ئاسایشی نەتەوەیی كۆشكی سپی، كایتلین ھایدەن گوتی: "سوپای ئەمریكا بۆ ئازاد كردنی ئەو ھاووڵاتییە ئەمریكییانەی كە لە لایەن داعشەوە لە عێراق بەدیلگیراون ئۆپەراسیۆنی ئەنجامداوە، بەڵام كۆشكی سپی ھیچ كات نەیەویست ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاشكرا بكات. كاتێك زانرا كە چەند ناوەندێكی میدیایی سەرقاڵی ئامادە كردنی ھەواڵ لەو بارەوەن بە ناچاری ئۆپەراسیۆنەكەمان ئاشكرا كرد."
ھایدەن لە وەڵامی پرسیارێك لە بارەی، بۆ ئەمڕۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاشكرا دەكرێ گوتی: "ھیچ كات نەماندەویست ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاشكرا بكەین چونكە بۆ پاراستنی گیانی بەدیلگیراوەكان و ھەروەھا نھێنی ئۆپەراسیۆنەكە نەدەبوایا ئاشكرا كرابا، بەڵام كاتێك بینیمان چەند دەزگا و ناوەندێكی راگەیاندن سەرقاڵی ئامادە كردنی ھەواڵ لە بارەی ئۆپەراسیۆنەكەن بە ھۆی ئەوەیەوە كە دوای بڵاو بوونەوەی ھەواڵ لەو بارەوە ھیچ بژاردەیەك بێجگە لە قەبووڵ كردنی ئۆپەراسیۆنەكە بۆمان نەدەمایەوە بە ناچاری ئەمڕۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەمان ئاشكرا كرد."وەزارەتی بەرگری ئەمریكاش بڵاوی كردبوویەوە كە ماوەیەك پێش ئێستا بۆ رزگار كردنی بەدیلگیراوەكان ئۆپەراسیۆنێكی لە سوریا ئەنجامدابوو بەڵام بە ھۆی ئەوەی كە ئۆپەراسیۆنەكە دوور بووە لە شوێنی بەدیلگیراوەكان ئەو ئۆپەراسیۆنە نەگەیشتووتە ئەنجام.
راوێژكاری ئۆباما بۆ كاروباری ئاسایشی ناوخۆیی و شەڕی دژە تیرۆر، لیزا مۆناكۆ ئاماژەی بەوە كرد كە ئۆباما فەرمانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئازاد كردنی ئەو ھاووڵاتییە ئەمریكییانەی كە ھاوینی ئەمساڵ لە لایەن داعشەوە بەدیلگیراون دەركردبوو.
راگەیاندنی ئەو ئۆپەراسیۆنە رۆژێك دوای ئەوە ھات كە ڤیدیۆی كوشتنی رۆژنامەنووسی ئەمریكا جەمیز فۆلەی كە دوو ساڵ بوو لە سوریا رفێنرابوو لە لایەن داعشەوە بڵاو كرایەوە و میدیاكانی ئەمریكا باسیان لەوە كرد كە یەك لەو بەدیلگیراوانەی كە بۆ رزگار كردنی ئەو، ئۆپەراسیۆن ئەنجامدراوە، جەمیز فۆلەییە.