غەززە
ھەزاران فەڵەستینی پێشوازییانکرد لە بەندکراوە ئازادکراوەکان، نوێنەرانی وەزارەتی بەندکراوانی فەڵەستین و گرووپەکانی (حەماس) و (جیھادی ئیسلامی) لە تەک خەڵکەکە ئامادەبوون.
(سومەییە حەمید) لەمیانەی پێشوازیکردن لە برا ئازادکراوەکەی (موحەمەد حەمید) گوتی "من وا ھەستدەکەم ئەمە خەیاڵە لەنێو خۆشییەکی بێ سنووردام، لەوەتەی براکەم بە بەندکراوە ئەو خۆشییەم بەخۆمەوە نەبینیووە، ھیوادارم ھەموو بەندکراوانەکان ئازادبکرێن".
لە کۆشکی سەرکۆماری فەڵەستین لەڕامەڵڵا (مەحموود عەباس) سەرۆکی فەڵەستین پێشوازیی لێکردن و لەباوەشیگرتن
(عەباس) لەکاتی پێشوازیکردنی ئازادکراوەکان گوتی "بەبۆنەی ھەڵمژینی ھەوای ئازادی لەلایەن بەندکراوانەکانمانەوە پیرۆزبایی لە خۆمان و خێزانەکانیان دەکەین. بە خەڵکەکەمان دەڵێین بەندکراوانی دیکەیش ئازاد دەکرێن و پۆل پۆل دەگەڕێنەوە ناو خانەوادەکانیان. تا ھەموویان نەگەڕێنەوە دڵمان ئاو ناخواتەوە، خوازیارم لەشاری (قودس) چاومان بە یەک بکەوێتەوە".
ئەو بەندکراوانەی ئازاد کراون بەشێکن لەو (١٠٤) فەڵەستینییەی پێش ئیمزاکردنی پەیماننامەی (ئۆسڵۆ)ی ساڵی ١٩٩٣ لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون. ئیسڕائیل رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر ئازادکردنی (٧٨) بەندکراوی دیکە.
وەزارەتی بەندکراوانی فەڵەستین رایگەیاندووە: ئێستا چوار ھەزار و ھەشت سەد فەڵەستینی لەناو بەندیخانەکانی ئیسڕائیلدان. ١٤ لەو بەندییانە ئافرەتن و بە دەیان منداڵیشیانَ تێدایە.