Hamdi Yıldız
05 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2020
غەززە ــ AA
سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس، ئیسماعیل هەنییە رایگەیاند، پابەندن بە چوار خاڵی ستراتیجی كە لەپێشنەی كارەكانیاندان، لەوانە بژاردەی بەرگریی چەكداری و گەڕاندنەوەی پەنابەرانی فەڵەستینی بۆ گوند و شارەكانیان.
ئیسماعیل هەنییە لە میانی سەردانەكەی بۆ بەیروت بۆ پەنابەرانی فەڵەستینی قسەیكرد و گوتی: "یەكەم لەو چوار خاڵە ستراتیجییە، سازش لەسەر هەڵوێستەكانمان ناكەین لەسەروویانە گەڕاندنەوەی پەنابەرانی فەڵەستینی بۆ گۆند و شارەكانیان"
گوتیشی: "دووەم لەو چوار خاڵە ستراتیجییەمان، سازش نەكردنە لەسەر بەرگریكردن، پاڵپشتی بەرگریی چەكداری دەكەین".
سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس، ئیسماعیل هەنییە راشیگەیاند: "تاكە بژاردەی ستراتیجی لەگەڵ دوژمن (ئیسرائیل)، بەرگریی، ئەم گەلەمان لە ئیسرائیل بەرگریی دەكات و پابەندە بە گەڕانەوە بۆ نیشتمانی خۆی".
هەنییە باسی لەوەشكرد كە سێیەم خاڵ لەو چوار خاڵە ستراتیجە، كاركردنە بە هەموو هێزێك لەپێناو یەكریزی نیشتمانیی كە ئەوەیش فاكتەرێكی سەرەكییە بۆ رواندنەوەی مەترسییەكانی تایبەت بە پرسی فەڵەستین و گوتی:
"بە كەسوكارمان دەڵێن، مەبەستمان تەنها یەكریزی نیشتمانیی نێوان غەززە و كەناری رۆژئاوا نییە، بەڵكو مەبەستمان یەكریزی نیشتمانیی نێوان هەموو هێزەكانە لە هەمو شوێنێك، هەورەها ئەو رۆڵەی كە گەلەكەمان لەدەرەوە دەیگیڕێت هیچ لەو رۆڵە كەمتر نییە كە گەلەمەمان لە ناوخۆی فەڵەستین دەگێرێت".
سەبارەت بە چوارەم خاڵی ستراتجیی، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس، ئیسماعیل هەنییە روونیكردەوە كە ئەو خاڵە خۆی لە پتەوتركردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبییدا خۆی دەبینێتەوە، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەوە بخاتەڕوو.
ئیسماعیل هەنیيە ئاماژەی بەوەیشدا پەنابەرانی فەڵەستین لە كەمپەكانی لوبناندا لەو رەوشێكی خراپدا ژیان دەگوزەرێنن و گوتی:
"حەماس یەك ملیۆن دۆلاری بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پڕۆژەی گرنگ لەو كەمپەكانەی كە لە لوبنان پەنابەرانی فەڵەستین تیایاندا نیشتەجێن تەرخانكردووە".
بەپێی ئامارێك كە لە 2017دا لە لایەن كارگێڕی ئاماری ناوەندی لوبنان بڵاوكرابوویەوە، 174 هەزار و 422 پەنابەری فەڵەستینی لە 12 كەمپ و 156 كۆمەڵگە لە لوبنان نیشتەجێن.