Muhammet Kurşun
05 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2020
تاران - AA
دوای حەوت مانگ، لە ئێران ساڵی نوێی خوێندن لە سێبەری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا دەستیپێکرد کە سەرلەوێ لەو وڵاتە رووی لە هەڵکشان کردووەتەوە.
لە رێوڕەسمێکدا کە لە قوتابخانەی نەوجەوانان لە تاران رێکخرا و تیایدا وەزیری پەروەردەی ئێران، موحسین حاجی میرزایی بەشداری کرد و سەرکۆماری ئەو وڵاتەش، حەسەن رۆحانی لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری تێداکرد، یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا.
لە گوتارێکیدا کە لە رێوڕەسمەکەدا پێشکەشی کرد، رۆحانی ئاماژەی بەوە کرد کە تەواوی خوێندکارانی وڵات لە هەلومەرجێکی زۆر سەخت و قورسدا بەرپرسیارێتیان بۆ ئەمساڵ گرتووەتە ئەستۆ و، رایگەیاند ''ناتوانرێت کێشە لەنێوان نانی خەڵک و گیانییاندا دروست بکرێت. بەهەمان شێوە دروست نییە لەنێوان تەندروستیی و پەروەردەدا کێشە دروست بکرێت. پێش وەرگرتنی قوتابیان بۆ خوێندنگە پشکنینی پزیشکیان بۆ دەکرێت. ئەو پشکنینانەش لە پێناو منداڵەکانماندایە''.
وەزیری پەروەردەی ئێران میرزایی، لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و، باسی لەوە کرد کە پابەندن بەو بڕیارانەی دەستەی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و، لەژێر رۆشنایی رێنماییەکانی ئەو ناوەندەدا کار دەکەن.
میرزایی باسی لەوەیش کرد کە ئەو قوتابیانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە یان توشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا نوێ لە خێزانەکەیدا هەیە یاخود نیشانەکانی تێدایە ناچن بۆ خوێندنگە و لە رێگەی خوێندنی ئۆنڵاین وانەکانی دەخوێنێت.
لە ئێران خوێندنگەکان هەندێ رۆژ دەبن و هەندێ رۆژیش ئۆنڵاین وانە دەخوێندرێت و ماوەی وانەکانیش ٣٥ خولەک دەبێت. ئەو وانانەی بە ئۆنڵاین دەگوترێنەوە لە رێگەی تەلەڤزیۆنی دەوڵەت، یاخود دابەزاندنی بەرنامەی 'شاد' بۆ تەلەفۆن یان کۆمپیوتەر خوێندکاران سوودی لێدەبینن.